رۆژهەڵاتی ناوەراست

هاوسەرۆكی دەم پارتی: وەرن پێکەوە پرسی کورد و فەڵەستین چارەسەر بکەین

16/04/2024
dem parti

دەنگوباس

هاوسەرۆكی دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت، پێكەوە هاوپەیمانی گەلان بەهێز دەكەین و دەنگی ئاشتیی دژی شەڕ بەرز دەكەینەوە، هاوكات بانگەواز بۆ گەلانی توركیا دەكات و دەڵێت: وەرن پێكەوە پرسی كورد و فەڵەستین چارەسەر بكەین.

تولای حاتەم ئۆغۆلاری، هاوسەرۆكی پارتی یەكسانیی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) لە كۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەكەی ڕایگەیاند، سەرەڕای فێڵی ئاكەپە و مەهەپە و هەموو فشارەكان و هەلومەرجی نایەكسان، سەركەوتنی مەزن بەدەستهات و گەلانی توركیا بەرامبەر سیاسەتی تاكپەرستیی و نكۆڵی وتیان بەسە، گەلانی توركیا وتیان جیاكاریی و هەژاریمان ناوێت و لە ئاكەپە بێزاربووین.

ڕاشیگەیاندووە، لە ٣١ـی ئادار گەلی كورد ئیرادەی خۆی پێشخست و زیهنییەتی قەیوم شكستی هێنا، وتی: “گەل لە دژی سیستەمی قەیوم وتی: خۆم خۆم بەڕێوەدەبەم، ئێمە بە ئیدارەی هەرێمی دیموكراتیك و ئیكۆلۆژیك و ئازادیخوازیی ژن خۆمان بەڕێوەدەبەین، چەندێك سوپاسی گەلەكەمان بكەین، هێشتا كەمە”.

هاوسەرۆكی دەم پارتی ڕایگەیاند، دەركەوتنی شەڕی جیهانیی سێیەم مانای لەناوچوونی جیهانە و وتیشی، “لە سەردەمێكداین، وڵاتان هەڕەشەی چەكی كیمیایی لەیەكدی دەكەن، بڕوامان وایە لەم قۆناغەدا بێجگە لە ئاشتیی و دیالۆگ چارەسەرێكی تر نییە”.

جەختی كردەوە، پرسی سەرەكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پرسی فەڵەستین و پرسی كوردە و بۆ ئەوەش وتی، “هەمیشە داوای چارەسەری بەپەلەی پرسی فەڵەستین و چارەسەری دیموكراتیك و ئاشتیانەی پرسی كورد دەكەین، هەبوونی ستاتۆیەكی كوردان لە چوارپارچەی كوردستان مایەی ئاسوودەیی هەموو گەلانە و خزمەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەكات”.

تولای بانگەواز لە گەلانی توركیا دەكات، “وەرن پرسی كورد و پرسی فەڵەستین چارەسەر بكەین، لەم كایۆس و ئاژاوەیەدا دەڵێین، تاكە چارەسەر هاوپەیمانی گەلانە، لە ئاستی هەرێمیدا، چارەسەری هەرە گرنگ هاوپەیمانی كورد و تورك و كورد و عەرەبە، وەرن ئەم هاوپەیمانییە بەهێز بكەین”.


#باکووری کوردستان
#هەڵبژاردنەکانی تورکیا