دەنگوباس
لە میانی سەردانە
چاوەروانکراوەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا بۆ بەغدا، عێراق و تورکیا چەند یاداشتێکی
لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقیش داوای چەکدانان لە
پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕۆژنامەی
سەباحی عێراقی بڵاویکردەوە، کۆتایی ئەم مانگە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری
تورکیا سەردانی بەغدا دەکات.
لایخۆشیەوە، قاسم ئەعرەجی،
ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند، سەردانەکەی ئەردۆغان بە
واژۆکردنی ژمارەیەک یاداشتی گرنگی لێکتێگەیشتن لە چوارچێوەی پەیوەندییە
ستراتیژییەکان و هاوبەشی و گواستنەوە و وزە و ئاسایش و ئابووری کۆتایی دێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە محەمەد
شیاع سودانی سەرۆک وەزیران گرنگییەکی زۆری بە دۆسیەی ئاو داوە و لیژنەیەکی باڵاش
لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ گفتگۆکردن لەسەر ئەو دۆسیەیە پێکهێنراوە.
ئەعرەجی ڕاشیگەیاند،
عێراق پەرۆشە بۆ کۆتاییهێنان بە هۆکاری ناکۆکییەکانی لەگەڵ تورکیا، لە نێویشیاندا
چارەسەرکردنی بابەتی ئەو گروپە چەکدارییانەی کە گورز لە هەردوو وڵات دەوەشێنن و
دەستووری عێراقیش بە تەواوی ڕەتی دەکاتەوە.
وەک ئاماژەیەکیش بۆ پارتی
کرێکارانی کوردستان، قاسم ئەعرەجی داوای لە گروپە چەکدارەکان کرد “دەستبەجێ چەک
دابنێن و لە زووترین کاتدا کۆتایی بەو دۆخە بهێنن”.
#ئەردۆغان
#عێراق