کوردستان

لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ ڕەوانەی بەغدا كرا

16/04/2024
wanabezhan

دەنگوباس
دوابەدوای گشتاندنەكەی وەزیری پەروەردە بۆ ئامادەكردنی لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ، وەزارەتی پەروەردە لیستەكەی ڕەوانەی بەغدا كرد و نوێنەری گشتی وانەبێژانیش دەڵێت، " ئەگەر بەغدا پەسەندی بكات، سەرجەم وانەبێژان بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێن".

ئەمڕۆ سێشەممە، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژان ڕایگەیاند، لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ ڕەوانەی بەغدا كرا بە مەبەستی بە گرێبەستكردنیان، بەو مەرجەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق پەسەندی بكات.
عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ ڕایگەیاند، لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ كە ژمارەیان 37 هەزار و 700 وانەبێژە ڕەوانەی بەغدا كراوە بە مەبەستی ڕەزامەندیدان بۆ دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست.
وتیشی، دەبێت دیوانی چاودێریی دارایی عێراق پەسەندی بكات، دواتر دەكرێنە گرێبەست، مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە مووچەیان بۆ ڕەوانە دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئامادەکاری بۆ ناردنی لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ بەغدا دەکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ تەواوی مووچەخۆراندا مووچەکانیان وەربگرن.


#باشووری_کوردستان