دەنگوباس
هێشتا چلەی بەڵێنەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ڕاگرتنی کارەکانی هەژماری من لە سلێمانی نەچووبو، ئەو حزبە بڕیاریدا کارەکانی هەژماری من لە سنوری خۆی دەستپێبکاتەوە.
پێشتر دەنگوباس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار زانیاریی ئەوەی بڵاوکردەوە، کارەکانی هەژماری من لە سلێمانی دوای ڕێکەوتنی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران دەستپێدەکاتەوە، ئەمڕۆ سێشەممەش کارەکانی تیمی هەژماری من لە سلێمانی دەستیپێکردەوە.
هەر ئەمڕۆ تیمەکان دەستیانکرد بە ناونوسکردنی ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا هەژماری منیان نییە، ئەوەشی پێشتر بەناوی فۆڕمی تەوتین یەکێتی لە فەرمانگەکان بڵاویکردەوە، بوو بە ڕابردووە.
هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە نوسینێکدا دەڵێت، "هاتنە دواوەی ئاشکرا لە بەبانکیکردنی مووچە (تەوتین) هەستی پێدەکرێت، وەک پێشتر ڕونکردنەوەمدا، بەبانکیکردن ئاوا نابێت کە ئەمانە باسی دەکەن و کردویانە بە دروشم، وا خەریکە قسەکانم بە داخەوە دێنە دی و لەوەدا کورتی دەکەنەوە کام بانکەت حەز لێیە لەوێ ناوی خۆت بنوسە، ئەمەش هەژمارە نەک تەوتین".
بافڵ تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا هەژماری من-ی بە هەژماری مەسرور بارزانی ناوبرد و وتی "کارەکانی هەژماری من لە سلێمانی ڕادەگرن" دواتریش وتی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەنگیی لەسەر هەژماری من نەبووە، بەڵام ڕێککەوتنی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە ڕۆژانی ڕابردوودا، پێچەوانەی قسەکانی سەرۆکی یەکێتی سەلماند.
ئێستا یەکێتی لە دۆخێکدایە، نازانێت چۆن وەڵامی خەڵک بداتەوە، چونکە مانگێك بەسەر دروشمەکانیدا تێنەپەڕی، کە پێچەوانەی دروشمەکانی خۆی جوڵایەوە.