ده‌نگوباس:
په‌رله‌مانتارێكى پارتى له‌ڕێگه‌ى میدیاى حزبه‌كه‌یه‌وه ئاشكرایده‌كات، زۆرینەی لایەنە شیعی‌و سوننییەکان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس پەیوەست بەداگیرکردنی زەوی‌و زاری ناوچە کوردستانییەکان نین، په‌رله‌مانتارانى كورد ده‌ڵێن:"له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه عه‌ره‌به‌كان داكۆكى له‌بڕیاره‌كانى حزبى به‌عس له‌دژى كورد ده‌كه‌ن".
شێروان دووبه‌ردانی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق وتوویه‌تى:"لایەنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق جەخت لەهەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس دەکه‌نه‌وه، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناکۆکی زۆری لایەنە عەرەبییەکان هەیە لەسەر پڕۆژەبڕیارەکە بۆیە هەموارکردنەوەکە دوادەکەوێت".
وتووشیه‌تى:"زۆرینەی لایەنە شیعی‌و سوننییەکان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس پەیوەست بەداگیرکردنی زەویوزاری ناوچە کوردستانییەکان نین، لایەنە شیعییەکان دەیانەوێت هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان ناوچەکانی ئەوانیش بگرێتەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر چەند تەوەرێکی هەستیارو گرنگ کۆبووەوە، تەوەرەکانیش بریتیبوون لە؛ پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی، پڕۆژەیاسای هەمواریی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959و پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش‌و گەڕانەوەی موڵکە داگیرکراوەکانە بۆ خاوەنەکانیان‌و پڕۆژەیاسای خزمەت‌و خانەنشینیی حەشدی شەعبی.
هاوکات بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان پەرلەمانتاران لەسەر پڕۆژەیاساکانی هەمواری باری کەسێتی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش‌و خانەنشینی حەشدی شەعبی، سەرەتا موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەوەکالەت، دەنگدانی لەسەر ئەو چەند پڕۆژەیاسایانە دواخست، بەڵام دواتر دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی نادیار هەڵگرت.
په‌رله‌مانتارانى كورد له‌به‌غدا جه‌ختده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌رئه‌وه‌ى، "زۆر بەداخەوە تائێستاش لەناو پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتار هەیە بەئاشکرا داکۆکی لەبڕیارەکانی ڕژێمی بەعس دەکات‌و نایانەوێت بڕیارەکانی بەعس هەڵوەشێتەوە تا زەوییەکان لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان بگەڕێندرێنەوە".
#کەرکووک