کوردستان

مامۆستایانى كه‌ركووك هه‌ژمارى من ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌

05/09/2024

ده‌نگوباس:

لقى كه‌ركووكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان ڕایگه‌یاند، ئه‌وان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پڕۆژه‌ى هه‌ژمارى من ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌شڵێن، "له‌دادگاى فیدراڵى سكاڵامان تۆماكردووه‌و داواده‌كه‌ین، هه‌رچى زووه‌، مووچه‌كانمان بگوازرێته‌وه‌ بۆسه‌ر وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق".


له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌بیناى لقه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، لقى كه‌ركووكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان ڕایگه‌یاند، "كه‌ركوك له‌ڕووى ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ناوه‌نده‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو كاروبارێكى ئیداریى‌و مووچه‌كانمان له‌به‌غداوه‌ بێت".

جه‌ختیشیانكرده‌وه‌، "نووسراومان له‌هه‌رێمه‌وه‌ بۆ هاتووه‌، كه‌ مامۆستایانى كه‌ركووك له‌پڕۆژه‌ى هه‌ژمارى من-دا خۆیان تۆماربكه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وكاره‌ ناكه‌ین‌و پڕۆژه‌ى هه‌ژمارى من ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ متمانه‌مان به‌و پڕۆژه‌یه‌ نییه‌و دواتریش مانگانه‌ ده‌بێت مامۆستایانى كه‌ركووك ملى ڕێگه‌ بگرن به‌ره‌و هه‌ولێرو سلێمانى بۆ مووچه‌كانیان، ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌كى زۆره‌ بۆ مامۆستایان".

به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كانى ده‌نگوباس، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى 17 هه‌زار میلاكه‌ له‌ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان‌و ته‌نها له‌سنوورى پارێزگاى كه‌ركوكیش حه‌وت هه‌زارو 455 مامۆستاى هه‌یه‌، بۆ ئه‌و پرسه‌ش لقى كه‌ركووكى یه‌كێتیه‌كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌وان خۆیان له‌پڕۆژه‌ى هه‌ژمارى من-دا تۆمارناكه‌ن، به‌ڵكو ڕوو له‌به‌غدا ده‌كه‌ن.

ئاشكراشیكرد، "له‌دادگاى فیدراڵى عێراق سكاڵامان تۆماركردووه‌و داوامان كردووه‌ بڕیارێكى خودى دادگاكه‌و سه‌رۆك وه‌زیران بۆ گواستنه‌وه‌ى مووچه‌كانمان بۆسه‌ر وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق جێبه‌جێبكرێت".

ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، "له‌ 2014وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم مووچه‌ى مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران به‌ناته‌واوى دابه‌شكردووه‌، بۆیه‌ متمانه‌مان به‌حكومه‌ت نه‌ماوه‌، تائێستا حكومه‌تى هه‌رێم 44 مووچه‌ى به‌لێبڕاوى‌و 15 مووچه‌شى هه‌ر نه‌داوه‌، بۆیه‌ جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ى ڕاژه‌و مووچه‌كانمان بۆ سه‌ر حكومه‌تى عێراق‌و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌".


#کەرکووک