کوردستان

گفتوگۆیه‌كى نهێنى ڕاكان جبووریى‌و به‌رپرسێكى دیكه‌ى باڵاى عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئاشكراده‌كرێت

14/08/2024

ده‌نگوباس:

په‌رله‌مانتارێكى عه‌ره‌ب له‌په‌رله‌مانى عێراق ورده‌كاریى گفتوگۆیه‌كى نهێنى ڕاكان جبووریى‌و به‌رپرسێكى دیكه‌ى باڵاى عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئاشكراده‌كات، هاوكات باس له‌وه‌شده‌كات، ڕاكان جبوریى داواى پۆستێكى كردووه‌، به‌ڵام یه‌كێتى پێى نه‌داوه‌، بۆیه‌ ڕوویان له‌بارزانیى كردووه‌ بۆ گفتوگۆو ڕێكه‌وتن.


موهەیمەن حەمدانی پەرلەمانتاری عەرەبی کەرکووک لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاشکرایکردووە، بەڵگەی هەیەو لەمیدیاکان دەیخاتەڕوو کە خالید مەفرەجی بەرپرسی لقی کەرکوکی حزبی سیادە داوای لەیەکێتی کردووە گفتوگۆ بکەن بۆ دروستکردنی حکومەتی خۆجێی‌و دانوستانەکانیان لەگەڵ لایەنە عەرەبیەکانی تر ڕابگرن‌و داواشیكردووه‌، ڕاکان جبوری کاندیدیان بێت بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنى پارێزگاكه‌.

حەمدانی، وەڵامی یەکێتی ئاشکرانەکردووە، بەڵام باسى له‌وه‌كردووه‌، یەکێتی لەبەردوو هۆکار داواکەی خالید مەفرەجی‌و ڕاکان جبووریی ڕەتکردووەتەوە، یەکەمیان ڕەتکردنەوەی ڕاکان بووە لەلایەن شەقامی کوردییەوە بەوپێیەی لەحەوت ساڵی ڕابردوودا پۆستەکەی بۆ دژایەتی کورد بەکارهێناوەو دووەمیشیان ڤیتۆی بەشێک لەلایەنە عەرەبیەکان کە دانوستانیان لەگەڵ یەکێتی هەبووە لەسەر ڕاکان جبووری‌و ڕەتیانکردووەتەوە جارێکی تر پۆستی باڵای پێبدرێت.

له‌دواى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و داواكارییه‌ى خالید مەفرەجی، ناوبراوو توركمانه‌كان ڕوویان له‌هه‌ولێر كردووه‌و له‌پیرمام له‌گه‌ڵ بەرەی تورکمانی‌و حزبی سیادەی خەمیس خەنجەرو پارتی چوونه‌ لاى مه‌سعود بارزانیى‌و دواجاریش نەیانتوانی زۆرینەی ئەنجومەن کۆبکەنەوەو حكومه‌تى خۆجێى پێكبهێنن.


#کەرکووک