کوردستان

هیوا ئەحمەد: پارتی و تورکمانەکان لەسەر پارێزگاری کەرکووك ڕێکنەکەوتوون

16/07/2024

دەنگوباس
هیوا ئەحمەد، به‌رپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، تەقینەوەكەی كەلار كردەوەیەكی تیرۆرستی بوو، ئامانجی تیرۆركردنی ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی دوو پارتی بووە، ئەوە پەیامێكی مەترسیدارە.

بەوتەی هیوا ئەحمەد، دام و دەزگا ئەمنیەكان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن، داوامان لێكردون هەوڵی جدی بدەن و چاوەڕوانی ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەین.

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووك و ڕێککەوتن لەگەڵ تورکمانەکان هیوا ئەحمەد وتی "هیچ رێككەوتنێكمان نەكردووە لەگەڵ توركمانەكانی كەركووك، پێمانباشە پارێزگاری كەركووك كوردێك بێت و هاوسەنگی رابگرێت لەنێوان هەموو هێزە سیاسیەكان".

بەرپرسەکەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی جەختی لەوەشکردەوە، پێداگرن لەوەی پارێزگاری كەركووك كورد بێت.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش وتی "ناوی كاندیدەكانمان رادەستی كۆمسیۆن كردووە و بەشداریی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین".
#کەرکووک
#کەرکووک