کوردستان

سەرکردەیەکی سوننە: ڕەنگە پۆستی پارێزگاری کەرکووك بدەینە یەکێتی

11/07/2024

دەنگوباس
سەرکردەیەکی عەرەبی سوننە لە کەرکووک دەڵێت، هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر پۆستی پارێزگار ئەنجام نەدراوە، بەڵام لێکتێگەیشتن هەیەو پێدەچێت پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ عەرەبی سوننە بێت.


ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سوننە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیار لەسەر هیچ پۆستێک نادرێت و هێشتا ڕێککەوتن ئەنجام نەدراوە، بەڵام لێکتێگەیشتن هەیە لە نێوان کورد و عەرەب."

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بە پێی یاسای هەڵبژاردنیش دەبێت لە ماوەی مانگێکدا ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکانی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجام بدرێت.

ئیسماعیل حەدیدی وتی"ڕەنگە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بدرێتە یەکێتی و پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ عەرەب و پۆستی جێگری پارێزگاریش بۆ تورکمان بێت، عەرەب ڕازی دەبێت چونکە پۆستەکە ئیستحقاقی یەکێتییە، بەڵام ئەمە تەنیا لێکتێگەیشتنەو نەبوەتە ڕێککەوتن".


#کەرکووک
#کەرکووک