دەنگوباس
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشنیازە یاسایهكی ئەندامێكی کۆنگرێسی ئهمریكا ڕهتدهكاتهوهو بهدەستێوەردانە لەکاروباری ناوخۆی عێراق وهسفی دهكات، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق-یش دهڵێت: پێشنیازەكه پێشینەیەکی مەترسیدارەو کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییە دو قۆڵییەکانمان دەبێت.
مایك واڵتز، ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا پڕۆژە یاسایەكی پێشكەشكردووە بۆ تۆمەتباركردنی فائق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق و بەوە تۆمەتباری كردووە كە لەخزمەتی ئێراندا كار دەكات.
ئەو كارەی واڵتز، لەئاستی ناوخۆییدا كاردانەوەی زۆری لایەنە عێراقیی و دامەزراوە دەستورییەكانی لێكەوتووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو لێدوان و نیازەی مایک واڵتزی پەرلەمانتاری ئەمریکا دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە، هەوڵەکانی تێوەگلانی کۆنگرێس لەو جۆرە دۆسیانەدا دەستێوەردانێکی ئاشکرایە لەسەروەری عێراق و سیستمی دادوەرییەکەی.
هاوكات موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەوەکالەت ڕایگەیاندووه، ئەو پێشنیازە یاسایەی کۆنگرێسی ئەمریکا، پێشینەیەکی مەترسیدارەو کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییە دو قۆڵییەکانمان دەبێت.
#عێراق
#ئەمریکا