راپۆرت و چاوپێکەوتن

پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست: نیوە زیاتری خەڵکی هەرێم پارتی و یەکێتی بە سەرکوتکەر ناودەبەن

22/06/2024


لە ڕاپۆرتێکی نوێدا دەرکەوتووە، بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان پارتی و یەكێتی بە گەندەڵكارو ناكارامەو سەركوتكار دەزانن، هاوکات ڕەخنە لەلایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەگیرێت.

پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست راپۆرتێكی بە ناونیشانی (ئەلتەرناتیڤی راستەقینە نیە، شكستی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستانی عێراق) بڵاوكردووەتەوە، ڕاپۆرتەکە لەلایەن نوسەر (وینسدرۆب ڕۆجەر) نوسراوە و تیایدا دەڵێت "( 63%) هاوڵاتیانی هەرێم هیچ متمانەیەكیان بە حكومەتی هەرێم نیە".

هەر لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوەکراوە "ئۆپۆزسیۆن لاواز و دابەشبووەو جێگرەوەیەكی باش نیە بۆ دەسەڵات، ئەوەش وایكردووە زۆرێك لە دەنگدەران بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن".

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە "گۆڕان ئومێدی چەندەها دەنگدەری لەناوبردو بووە مایەی برینێكی قوڵ، دەنگدەران وانەیان وەرگرت لەشكستی گۆڕان و ئێستا هۆشیارترن، هاوکات دوای (7) ساڵ لە دامەزراندنی روون نیە نەوەی نوێ‌ چی بەدەستهێناوە.

لەبارەی نەوەی نوێوە باس لەوەشکراوە "هەڵوێستەكانی كاردانەوەو ورژاندنی خەڵكە بە كۆمەڵێك پرسی دیاركراو، هاوکات حزبە تازەكان ناتوانن كاریگەری گەورە لەسەر سندوقەكانی دەنگدان دروستبكەن".

هەر سەبارەت بە نەوەی نوێ دەڵێت "زۆربەی كات هەڵوێستەكانی حزبەكە كاردانەوەیە، کار لەسەر ئەو بابەتانە دەكات كە ببێتە مایەی توڕەكردنی جەماوەر  بۆ نمونە ( مووچە، نرخی بەنزین، كۆچ، كەمی ئاو...) لەبری ئەوەی سەركردایەتی ڕووداوەکان بکات کە ئەوەش شتێكی نامۆیە بۆ حزبێكی سیاسی.

هەرێمی كوردستان بەردەوام خاوەنی حزبی ئیسلامی گرنگ بووە، لەئێستادا دوو حزبی سەرەكی ئیسلامی هەن لە كوردستان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری كوردستان، هاوکات حزبە ئیسلامیەكان پێكەوەو بەجیاش، هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان دروستناكەن، پەیڕەویان زیاتر ئاڕاستەی پشتیوانیە بۆ هەڵوێستە ئیسلامیەكان لەناو كۆمەڵگا.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی پەیمانگەکە لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی هەڵبژاردنەكان، دوو كەسایەتی توڕە لە حزبەكانیان، هەستیان بە بوونی دەرفەتێك كردووەو، كەرەستەی سیاسی تایبەت بەخۆیان پێكهێناوە، ئەوانیش عەلی حەمەساڵح و لاهور شێخ جەنگیە.

لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەدا دەربارەی حزبەکەی لاهور شێخ جەنگی نوسراوە، ئەو حزبە هاوسەرۆكی پێشوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات، كە خاوەنی جەماورێكی زۆر بوو لەناو حزبەكەی، بەهۆی رەخنەگرتنی توندی لەپارتی دیموكراتی كوردستان و بارزانیەكان، لەسەرەتاوە روون نەبوو، شێخ جەنگی حزبێكی نوێ‌ پێكدەهێنێت یان هەوڵی چارەسەرو ئاشتەوایی دەدات لەناو یەكێتی، بەڵام لەكۆتایدا یەكەمیانی هەڵبژاردو لەمانگی كانونی یەكەمی (2024)دا بەرەی گەلی پێكهێنا. 
#باشووری کوردستان
#پارتی دیموکراتی کوردستان
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان