کوردستان

پەرلەمانتارێک: دەستەى دەستپاکی 13 ئۆتۆمبێلی لەدیوانى پارێزگای کەرکووک وەرگرتووە

14/06/2024

دەنگوباس:
پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق گەندەڵییەكی دەستەی دەستپاكی كەركوك ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، دەستەكە 13 ئۆتۆمبێلیان بە نایاسایی لە دیوانی پارێزگا وەرگرتووە، لەكاتێكدا لە ڕووی یاساییەوە مافی نییە هیچ سەروەت و سامانێك وەربگرێت.

دیلان عەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لە نووسراێكدا كە ئاڕاستەی دەستەی دەستپاكی عێراقی كردووە، ئاشکرای کردوە، دەستەی دەستپاكی كەركوك بەنایاسایی بە دوو قۆناغ لە دیوانی پارێزگا 13 ئۆتۆمبێلیان وەرگرتووە، بەشێوەیەك لە قۆناغی یەكەمدا چوار ئۆتۆمبێل و لە قۆناغی دووەمیشدا نۆ ئۆتۆمبێل.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئۆتۆمبێلەكان لە جۆری تۆیۆتا پیكابن و ئێستا لەنێو گۆڕەپانی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی دەستەی دەستپاكی كەركوكن، لەكاتێكدا ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ ئەندازیارەكانی پارێزگا كڕدراون.

دیلان غەفور، لە نوسراوەكەدا داوای لە دەستەی دەستپاكی كردووە، لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكە بكات و ئۆتۆمبێلەكان بگەڕێنێتەوە بۆ دیوانی پارێزگاكە، بەوپێیەی بە گوێرەی یاسا، دەستەی دەستپاكی كەركوك مافی نییە هیچ سەروەت و سامانێك لە هیچ لایەنێك وەربگرێت، بەبێ مۆڵەتی یاسایی.


#عێراق
#کەرکووک