دەنگوباس
ڕۆژنامەیەکی قەتەری ژمارەیەك سیناریۆ بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووك ئاشکرادەکات و دەڵێت، ئەگەر لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیار دەدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "العربی جدید" كۆمەڵێك سیناریۆ پێشنیازكراوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دانانی پارێزگاری کەرکووك، کە دیارترینیان ئەوەیە پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەنێوان كوردو عەرەبدا دابەشبكرێت.
هاوکات سیناریۆیەكی دیکە ئەوەیە پۆستەكە عەرەب وەریبگرێت لەبەرامبەر پێدانی پۆستی گرنگ بە لایەنە کوردییەکان، بەڵام پۆستەکان تا ئێستا یەکلانەبوونەتەوە.
هەرچەندە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا پارێزگاری شارەکە هەڵنەبژێردراوە، حكومەتی عێراق کە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە دەتوانێت پارێزگارێك بۆ كەركووك لە درەوەی هێزە سیاسیەكان دیاریبکات، بەڵام ئەمە دەبێتە دوا بژاردە لەبەردەست محەمەد شیاع سودانیدا.
#کەرکووک