دەنگوباس
ڕووداوی تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، تووڕەیی لەنێوخۆی ئەمریکا و کاردانەوەشی لە دەرەوەی ئەو وڵاتە دروستکردووە.
نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا (FBI) ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکرا کرد کە تەقەی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە کردووە.
بەگوێرەی FBI، کەسەکە ناوی تۆماس ماتیو کرووکس ـە، تەمەنی 20 ساڵ و خەڵکی پەنسیلڤانیایە.
بەڵام بەر لە ڕووداوی تەقەکردنەکە شتێک ڕوویدا کە وەك زەنگی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ تیمی پاسەوانانی ترەمپ، بەڵام وادیارە هۆشدارییەکە بە هەند وەرنەگیراوە.
یەکێك لە بەشداربووانی کەمپەینەکەی ترەمپ بە ڕادیۆی بی بی سی وتووە، کاتێك تەقەکەرەکە قەنناسەکەی لەسەربانی ناوچەکە داناوە، پۆلیسی لەو جموجوڵە نائاساییە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام پۆلیس گوێی پێنەداوە.
ئیلۆن مەسك، ملیاردێری جیهان و لایەنگری ترەمپ لە پەیامێکدا داوایکردووە، کارمەندانی دەستەی پاسەوانانی نهێنی ترەمپ لە ئەرکەکەیان دوربخرێنەوە، کە وەك مەسك دەڵێت، نەزانیی ئەوان بووەتە هۆی ئەو ڕووداوە.
لە ئەمریکای باشوور، ئەورووپا، ئەفریقیا و ئاسیاوە سەرکردە و سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی جیهان لەسەر هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ، تاکە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، قسەیان کردووە و سەرجەمیان ئیدانەیان کردووە، لە هەرێمی کوردستانیش حکومەت و بەشێك لە حزبەکان پەیامی هاوسۆزییان ئاڕاستەی ترەمپ کردووە.
لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا 4 سەرۆک کوژراون و هەوڵی کوشتنی چەندین سەرۆکی دیکە، سەرۆکی پێشوو و کاندیدانی سەرۆکایەتیش دراوە.
ئەبراهام لینکن یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو تیرۆر بکرێت، لینکنی 16ەیەمین سەرۆکی ئەمریکا لە 14-4-1865 لە شانۆی فۆرد لە واشنتن دی سی تەقەی لێکرا و کوژرا.
جەیمس گارفیڵدی 20ەمین سەرۆکی ئەمریکا لە 2ی تەمموزی 1881 لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە واشنتن دی سی تەقەی لێکرا و لە ئەیلوولی هەمان ساڵ بەهۆی کاریگەری برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
وڵیەم مکینلی 25ەمین سەرۆکی ئەمریکا لە 6ی ئەیلوولی ساڵی 1901 لە شاری بەفاڵۆی ویلایەتی نیویۆرک تەقەی لێکرا و 6 رۆژ دواتر بەهۆی کاریگەری برینەوە گیانی لەدەستدا.
جۆن کەنەدی 35ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە 2-11-1963 لە شاری داڵاسی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا تەقەی لێکرا و کوژرا. کەسی تەقەکار ناوی لی هارڤی ئۆزۆڵد بوو و چەند رۆژێک دوای تەقەکردنەکە دەستگیرکرا و دواتر لە 24-11-1963دا لە لایەن هاووڵاتییەک بەناوی جاک روبی لە ژێر زەوی بنکەی پۆلیسی تەکساسدا کوژرا.
چەندین سەرۆکی دیکەی ئەمریکاش تەقەیان لێکراوە، لەوانەش باراک ئۆباما لە ساڵی 2011، رۆناڵد ریگن لە ساڵی 1981 و جیراڵد فۆرد لە ساڵی 1975.
لەکاردانەوەیەکی نوێدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ڕکابەری ترەمپ، تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپ ئیدانە دەکات و دەڵێت، ئەوەی لە ویلایەتی پێنسلڤانیا روویدا یەکێکە لەو هۆکارانەی بیری هەموو لایەک دەهێنێتەوە کە دەبێت یەکگرتوو بن.