لە ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەبارەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەڕێوەچوو، شاندی عێراقیی کە فوئاد حوسێن سەرۆکایەتی دەکات، داوایکردووە سزای سەر ژمارەیەك بانک هەڵبگیرێت.
شاندێكی باڵای حکومەتی عێراق بۆ پرسی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەگەڵ براین نیلسۆن، بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەوە، عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا داوایکردووە، سزای سەر 32 بانکی عێراقیی هەڵبگیرێت و ئەوانیش بتوانن مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن.
لەبەرامبەردا ئەمریکا بەڵێنیداوە چاوخشاندنەوە بە سزای ئەو 32 بانکەدا بکات، ئەوەش بەهۆی ئەو چاکسازییانەی بانکەکان ئەنجامیانداوە، بەو هەنگاوەی ئەمریکاش چاوەڕێدەکرێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا بەڵێنیانداوە هاوکاریی عێراق بکەن لە جێگیربوونی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.
بەگوێرەی وتەی شارەزایان، ئەگەر ئەمریکا سزای سەر ئەو بانکانە لاببات، ئەوا بەهای 100 دۆلار نزیکدەبێتەوە لە 140 هەزار دینار.