فوئاد جەزا
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبێ مووچەن، ئەو ڕاستیەی بووەتە پێناسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە نوێترین دەرکەوتنیدا مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەجیاتی ئەوەی وەڵامێکی کۆنکرێتیی لەبارەی چارەسەری کێشەی مووچە بخاتەڕوو، بە بەکارهێنانی هەندێك دەستەواژەی نا ڕوونی وەك "خاك و کەرامەت" خۆی لە بابەتەکە دزییەوە.
نوێترین چاوپێکەوتنی مەسرور بارزانی لەگەڵ خەڵکدا کە وەك میدیای پارتی دەڵێت خەڵکی سلێمانین، بەڵام وا دەردەکەوت لایەنگری ئەو حزبە بن، نەك کەسانێکی بێلایەن لەبارەی مووچەی فەرمانبەران ڕایگەیاند، مووچە بەبێ کەرامەت و بێ خاک نرخی نییە.. بەڵام ڕوون نیە ئایا مەسرور بارزانی مەبەستی لەوەیە داواکردنی مووچە لە بەغدا بێ کەرامەتییە؟
مەسرور بارزانی لە پرسی مووچەدا باسی لەوەکرد، مووچە کرا بە بابەتێک بۆ ئەوەی پرسی خاکمان لەبیر ببەنەوە بە تایبەت ئەو تەعریبەی لە ناوچە کوردستانییەکان هەیە، بەڵام ئەوەی وایکرد پرسی خاک بیر بچێتەوە سازشی پارتی و یەکێتی بوو لە پرسی خاك و کەرکووك و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەك پرسی مووچە، هەروەها ناکۆکیی پارتی و یەکێتیە وایکردووە پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووك دانەنرێت.
بەوتەی مەسرور بارزانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ ئەوەی ناردنی مووچە بەردەوام بێت. وتیشی "پێموایە وردەوردە دەکەوێتە سەر ڕێچکە ڕاستەکەی خۆی، پشتیوان بە خودا بابەتی مووچە چیتر نابێت بە هەواڵی ڕۆژنامە و میدیاکان". بەڵام هەر لەو کاتەی مەسرور بارزانی ئەو قسانەی دەکرد هێزە ئەمنییەکان مووچەی دوو مانگیان وەرنەگرتووە.
لەو چاوپێکەوتنەدا مەسرو بارزانی باسی لە بێدەسەڵاتی خۆی و حکومەتەکەی کرد و وتی "هۆکار هەبووە ڕێگر بووە لەوەی خزمەتی قەڵادزێ بکەم"، ئەوەش لەکاتێکدایە کە مەسرور بارزانی بووە سەرۆك وەزیران، دروشمی حوکمی تەواوی کوردستانی بەرز کردبووەوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو قسانەی ناوبراو واتای "دوو ئیدارەییە" بەڵام لەبەرگی ڕێگریکردندا.
لەبارەی بایکۆتی مامۆستایانیش وتی "کارێکی باش نەبووە" و هیوای خواست "بایکۆت دووبارە نەكەنەوە و مامۆستایان دڵنیا دەكەینەوە حکومەت لەگەڵیدانە و پشتیوانیانەو قەت مافەكانیان نافەوتێت، مامۆستایان پێنج مانگ بایكۆتیان كرد مووچەکانیان نەفەوتا، بەڵام كێ قەرەبووی ئەو پێنج مانگە بۆ قوتابیان دەکاتەوە؟".. بەڵام هەم ئەو خەڵکەی لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ سەرۆك وەزیران بوون، هەم خودی مەسرور بارزانی وەڵامی ئەو پرسیارەی پێنەبوو؛ کێ قەرەبووی سێ مووچە فەوتاوەکەی ساڵی ڕابردووی مامۆستایان دەکاتەوە؟ کێ قەرەبووی پاشەکەوتەکانی ساڵانی ڕابردووی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکاتەوە؟
یەکێک لە ئامادەبووانی گفتوگۆکە پرسیاری لەبارەی پرۆژەی هەژماری من و ئەو دەنگۆیانە کرد کە لەبارەی پرۆژەکەوە دەکرێن و بە دیاریکراویش ناوی سەڵاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی هێنا کە وتوویەتی "هەژماری من هەمووی فێڵ و تەڵەکەیە"، لە وەڵامدا پرسیاری ئەو هاونیشتمانییە سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند: ڕەنگە مامۆستا عەرەبی باشتر تێبگات، بۆیە وەڵامەکەی بە ئایەتێکی قورئان دەدەمەوە " إِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ إِثْمٌ " هەندێک گومان گوناهە، ئەگەر پێیوابێت فێڵکاری هەیە، ئەمە گومانێکە خۆی دەیکات کە ڕاست نییە". بەڵام بارزانی ڕوونی نەکردەوە کە ئەو دڵنیاییەی ئەو لە بابەتی هەژماری من هەیەتی تا چەند گوناه نییە.
لەبەشێكی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا مەسرور بارزانی جەختی لەوەکردەوە، قبووڵی ناكەین یەک بست خاكی كوردستان داگیر بكرێت، بەڵام لەوکاتەی بارزانی ئەوەی وت، زیاتر لە نیوەی خاکی دهۆك کەوتووەتە دەست سوپای تورکیا.
#باشووری کوردستان