جیهان

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ناتانیاھو تۆمەتبار دەکات بەوەی ڕێگرە لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیی

27/04/2024
nataniahu

دەنگوباس

بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی ئیسرائیل، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی، بنیامین ناتانیاھوی تۆمەتبار کرد بەوەی ڕێگرە لە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپە فەڵەستینییەکان و ئیمزا کردنی ڕێککەوتن لەگەڵیاندا.

ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەڕمی ئیسرائیل KAN ڕایگەیاندووە: "بەدڵنیاییەوە ناتانیاھو نایەوێت ڕێککەوتن بکرێت و ئاستەنگ و ڕێگریی دروست دەکات".

ھەروەھا ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە باسی لەوە کردووە کە دەکرێت لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ڕێککەوتنێک (لەگەڵ گرووپە فەڵەستینییەکان) ئەنجام بدرێت، ئەوەیشی خستوەتەڕوو کە سەرۆک وەزیران ناتانیاھو بە مەبەستی ڕێگریی کردن لە پرۆسەی ڕێککەوتن ویستویەتی کار لەسەر ڕێککەوتنێکی گشتگیر بکات (جگە لە داواکارییەکەی ئێستای لایەنی میسری).

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە یەکە ئەمنییەکانی ئیسرائیلی پێیان وایە ئەم ڕێککەوتنە دوایین دەرفەتە بۆ ڕزگارکردنی دیلە ئیسرائیلییەکان، داوای لە دامەزراوە ئەمنییە ئیسرائیلییەکان و زۆربەی دامەزراوە سیاسییەکان کرد ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارە نوێیەکەی میسر دەرببڕن.

ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ناتانیاھو تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بە ھۆکاری سیاسیی ڕێگریی دەکات لە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپە فەڵەستینییەکان.

میسر، قەتەر و ئەمریکا، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی دیل و دەستبەسەرکراوان، ماوەی چەند مانگێکە دانوستان بەڕێوەدەبەن لە نەوان ئیسرائیل و حەماسدا.