رۆژهەڵاتی ناوەراست

ئێران بە فەرمی لێدوان لەسەر هێرشەکەی ئیسرائیل دەدات

19/04/2024
iran

دەنگوباس

وەزیری دەرەوەی ئێران، لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە بە میدیاکانی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ڕێوشوێنی دەستبەجێ‌ دژی ئیسرائیل دەگرینەبەر، ئەگەر سەرلەنوێ‌ هەوڵی هێرشکردنە سەر خاکی ئێران بدات.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە بە میدیاکانی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ڕێوشوێنی دەستبەجێ‌ دژی ئیسرائیل دەگرینەبەر، ئەگەر سەرلەنوێ‌ هەوڵی هێرشکردنە سەر خاکی ئێران بدات.

ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەكەی ئەسفەهان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بوون، هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتەوە.

لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بە یەكەم دانپێدانانی فەرمی ئێران دادەنرێت، لەكاتێكدا بەرپرسە سەربازییەكانی ئێران لە تەواوی لێدوانەكانیدا بە درێژای ئەمڕۆ، ڕەتیانكردووەتەوە لایەنی بەرپرسیار لە هێرشەكەی ئەسفەهان دیاریبكەن، پێشتریش ڕەتیانکردنەوە كە هیچ هێرشێك بۆ سەر پێگە سەربازییەكانی ئێران ئەنجامدرابێت.

لەوبارەیەوە تەلەفزیۆنی ئێران ڕایگەیاند، لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٨ی نیسان، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی ئەسفەهان بینراوە، توانراوە لە ڕێگەی چالاککردنی سیستمی بەرگری ئاسمانیەوە تێکبشکێنرێن.

هاوكات ئیسرائیلیش بەشێوەیەكی فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكەی سەر ئەسفەهان ڕانەگەیاندووە، ئامادەش نییە لەوبارەوە هیچ زانیاریەكی فەرمی بدركێنێت‌.
ئەفیخای ئەدرایی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە قسەکانیدا بۆ ماڵپەڕی "الحورة" بەشداریکردنی ئیسرائیلی لە هێرشەکەی ئێران پشتڕاست نەکردەوە و وتی: "ئێستا هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە نادەین".


#ئێران