کوردستان

"لیستی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ بەغدا نەنێردراوە"

02/05/2024
wanabezhan

دەنگوباس

عەلی ڕەئووف نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، سەردانی وەزیری دارایی عێراقمان کرد و پێی ڕاگەیاندین لەلایەن هەرێمەوە هیچ جۆرە لیستێک تایبەت بە ناوی وانەبێژان بۆ ئێمە نەهاتووە.

ئاماژەی بەوەکرد، داوا لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە دەکەین ڕوونکردنەوەی تەواومان بدەنێ دەربارەی نەناردنی لیستی ناوی وانەبێژان بۆ بەغدا، چونکە حکومەتی عێراق پێی ڕاگەیاندین هەرکات حکومەتی هەرێم ناوی وانەبێژان بنێردرێت ئێمە ڕێکارەکانی دابینکردنی پارە دەگرینەبەر، چ بە گرێبەست بێت یان بە هەمیشەیی.

نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی جەختی لەوەکردەوە، لە ئەگەری نەناردنی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ بەغدا هەڵوێستی ترمان دەبێت، ئامادەین بچینەوە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکەین.

بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ کە ژمارەیان 37 هەزار مامۆستایە لە سەرجەم پەروەردەکانی هەرێمی کوردستان، بڕی نزیکەی  15 ملیار و 700 ملیۆن دینار مانگانە پێویستە، بە وتەی عەلی ڕەئووف” بۆ بوونیان بە هەمیشەیی پێویستیان بە “17 ملیار و 700 ملیۆن دینارە”.


#باشووری_کوردستان