جیهان

سەرۆک کۆماری کۆڵۆمبیا: پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەپچڕێنین

02/05/2024
colombia

دەنگوباس

گوستاڤۆ پێترۆ, سەرۆک کۆماری کۆڵۆمبیا، ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی سەر گەلی فەڵەستین لە غەززە، پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەپچڕێنن.

لە میانی بەشداریکردنی لە مەراسیمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکاران کە لە بۆگۆتای پایتەخت بەڕێوەچوو، گوستاڤۆ پێترۆ لە مەیدانی مێژوویی بۆلیڤار وتارێکی پێشکەش بە گەلەکەی کرد، ڕایگەیاند، پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەپچڕێنن، بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە غەززە ئەنجامی دەدات.

گوستاڤۆ پێترۆ جەختی لەوە کردەوە، کە ئیسرائیل لە غەززە کۆمەڵکوژیی ئەنجامداوە، ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی کۆمەڵکوژیی، ناتوانین تەماشاکاری لەناوبردنی تەواوی گەلێک بین بە بەرچاوی هەموو مرۆڤایەتییەوە، ئەگەر فەڵەستین بمرێت، ئەوا هەموو مرۆڤایەتیی دەمرێت.

سەرکۆماری کۆڵۆمبیا پێترۆ، لە ٢٦ی ئاداردا هۆشداری دا لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر ئیسرائیل پابەند نەبێت بەو بڕیارەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی پەسەند کرا کە داوای ئاگەبەست دەکات لە غەززە، ئەوا پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵدا دەپچڕێنێت.


#ئیسرائیل