رۆژهەڵاتی ناوەراست

وەزیری نەوتی عێراق: پێویستە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نێوان ھەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان بکرێت

02/05/2024
7ayan abdulghani

دەنگوباس

وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی بە پێویستی دەزانێت کە پێداچوونەوە بە پرسی گرێبەستەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان بکرێت و ڕاشیگەیاند، بڕیارە ئەو پرسە چارەسەر بکرێت.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا، ئاماژەی بەوەکرد، کە ناکۆکی سەرەکییان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم، ئەو گرێبەستانەیە کە حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا، ئیمزای کردووە و وتی: پێویستە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نێوان ھەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان بکرێت.

ڕاشیگەیاند، بڕیارە پرسی گرێبەستەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا، چارەسەر بکرێت.

وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی بەرھەمھێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، ڕایگەیاند کە لە کێڵگەی کۆرمۆر دەست بە بەرھەمھێنانی غاز کراوەتەوە و وتی، کێڵگەی کۆرمۆر لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دایە و و پێویستە ئەوان بیپارێزن.

ڕۆژی ٢٤ی مانگی ڕابردوو، بە درۆن ھێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەند گیانیان لەدەستدا کە ھاووڵاتیی یەمەنی بوون، ھەروەھا ھەشت کەسیش برینداربوون.

ھاوکات ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردووو ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت ئاماژەی بەوەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندووە، سەرەداویان لەبارەی ئەو کەسانە دەستکەوتووە کە لە ھێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر تێوەگلاون.


#باشووری_کوردستان
#عێراق