رۆژهەڵاتی ناوەراست

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەداوداچوونی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کرد

02/05/2024
sudani

دەنگوباس

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێداندا، فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژەکە چارەسەر بکەن.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان چارەسەر بکەن و پلانەکانی جێبەجێکردنی ڕێگای گواستنەوەی وشکانیش لەچوارچێوەی پڕۆژەکە، تەواو بکەن.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی حەوتەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی کردووە.

ڕاشیگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشھاتەکانی تایبەت بە بەدواداچوونی پڕۆژەکە و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ پڕۆژەکە تاوتوێ کراوە.

باسی لەوەشکردووە کە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، پڕۆژەی دەوڵەتی عێراقە و ناکرێت بۆ لایەنێک یان بەرپرسێک یان وەزارەتێک یان کەرتێکی دیاریکراو ھەژمار بکرێت و جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق کراوەیە بەڕووی بەشداریکردنی وڵاتانی دراوسێ لە پڕۆژەکە و ڕاشیگەیاندووە، ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنییەی کە بەم دواییانە لەنێوان عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات لە بارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان واژۆکراوە، دەبێتە بنەمایەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی کارەکانی پڕۆژەکە بە وردی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان چارەسەر بکەن و پلانەکانی جێبەجێکردنی ڕێگای گواستنەوەی وشکانیش لەچوارچێوەی پڕۆژەکە تەواو بکەن.


#عێراق