کوردستان

سێ هاووڵاتیی لە ڕووداوی جیاوازدا گیانیان لە دەستدا

19/04/2024
gashtiari

دەنگوباس

سێ هاووڵاتیی لە ڕووداوی جیاوازدا لە گیانیان لە دەستدا، گەنجێک لە شاخ هەڵدێرا، دوو گەنجیش خنکان.

ئەمڕۆ هەینی، کامەران حەسەن، قائیمقامى قەزاى ماوەت ڕایگەیاند، گەنجێکی تەمەن ٣٨ ساڵ بە ناوی (شیروان عارف)، دانیشتووى گوندى سەراو لە ماوەت، بە مەبەستى هێنانەوەى گژوگیاى بەهارە چووەتە بنارى شاخى گمۆ، بەڵام لەوێ هەڵدێراوە و گیانى لەدەستداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تەرمی گەنجەکە دۆزراوەتەوە و دواى گەیاندنى بە نەخۆشخانەى ماوەت ڕەوانەى پزیشکى دادى سلێمانى دەکرێت.

هاوکات لە دوو ڕووداوی جیادا، دوو هاووڵاتی لە گەرمیان و تەقتەق خنکان و هەوڵی دۆزینەوەی تەرمەکانیان دەدرێت.

ئیبراھیم ئەحمەد وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان ڕایگەیاند، ھاووڵاتییەکی تەمەن ٢٠ ساڵ، لە ڕووباری سیروان خنکاوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی لە ھەوڵی دۆزینەوەی تەرمەکەدان.

لەلایەکی دیکەوە نەجات حەمید بەڕێوەبەری بنکەی بەرگری شارستانی تەقتەق ڕایگەیاند، ھاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری کەرکووک تەمەن ٣١ ساڵ، لە پارکی مەھناز لەتەقتەق کەوتووەتە ئاوی زێی بچوک و خنکاوە.

ڕوونیشیکردەوە کە تیمەکانی بەرگری شارستانی تەقتەق بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی.


#باشووری_کوردستان