کوردستان

محەمەد حاجی مەحمود کەسێکی دیکەی لە بری براکەی کرد بە جێگری خۆی

18/04/2024
sosialst

دەنگوباس

ئەنجومەنی سەکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لە پاش کۆنگرەی هەشتەم، یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەن بەسەرپەرشتی محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دواین پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق، ناوچەکە و جیهان و گرژییەکانی ئەم دواییەی وڵاتانی زلهێز و دەرئەنجامەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا.

هاوکات هەر لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هەموو لایەک کرا، هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ بەرقەرار بوونی ئاشتی و قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوە ژیان و ڕێکخستنەوە نێو ماڵی کوردستان، چونکە دۆخە ناوخۆیی و ناوچەییەکە ئەوەی لێدەخوازێت، بە تایبەتی لە پرسی سازکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و گێڕانەوەی شەرعیەت بۆ دەزگا یاساییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئامادەسازییەکان بۆ بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا کە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی لیستێک بە ناوی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان بەشداری پڕۆسەکە دەکات.

لە تەوەرێکی تردا، ۱٥ ئەندامی سەرەکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و دوو ئەندامی یەدەغی مەکتەبی سیاسی دەسنیشانکران، ڕاسپێردران بۆ پێداچوونەوە بەکارەکانی سەرجەم مەکتەب و مەڵبەند و ئۆرگانە جیاوازەکانی حزب و هەوڵدان بۆ داڕشتنەوەی پەیکەری ئەو دەزگا حزبیانە لەسەر تەرزێکی نوێ و بەلەبەرچاوگرتنی سنوری جوگرافی لەپێناو سەرخستنی کارنامە و سیاسەتی حزب.
دواتر لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد عەلی دۆڵاشی وەک جێگر بۆ ڕاپەڕاندنی بەشێک لە ئەرکەکانی لە چوارچێوەی ژمارەیەک ڕێنماییدا دیاری کرا.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٤ی نیسان پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەشتەم کۆنگرەی خۆی لە شارى هەڵەبجە ئەنجامدا.

بەستنی کۆنگرەی هەشتەمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەکاتێکدا بوو، کێشەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتەکە و عەبدوڵا حاجی مەحمود برای گەیشتبووە لوتکە، ئەمڕۆش محەمەد حاجی مەحمود کەسێکی دیکەی لە بری براکەی کرد بە جێگری خۆی.


#باشووری_کوردستان