جیهان

بوومەلەرزەیەک شارێکی ژاپۆنی هەژاند کە چەکی ئەتۆمی تێدایە

17/04/2024
japan

دەنگوباس

ئێوارەی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە باشووری ڕۆژئاوای ژاپۆنی هەژاندووە کە چەکی ئەتۆمی تێدایە، تا ئێستا قەبارەی زیانەکان ڕانەگەیەنراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی جیۆلۆجی ئەمریکا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە باشووری ڕۆژئاوای ژاپۆنی هەژاندووە، تا ئێستا هیچ هۆشدارییەک بۆ تسونامی دەرنەچووە و هیچ زیانێکیش ڕانەگەیەنراوە.

ناوەندی بوومەلەرزەکە لە کەناڵێکدا بووە کە دوورگەکانی کیوشو و شیکۆکو لەیەکتر جیادەکاتەوە، کە نزیکەی ١٨ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای ئاواجیما دوورە و بە قووڵایی نزیکەی ٢٥ کیلۆمەتر بووە.

لای خۆیەوە دەزگای کەشناسی ژاپۆن لەسەر پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند، لە ناوچە مەترسیدارەکان نزیک مەبنەوە کە بوومەلەرزەکە تێیدا بەهێز بووە.

دەسەڵاتی ڕێکخستنی ئەتۆمی ژاپۆن پشتڕاستی کردەوە کە وێستگەی کارەبای ئەتۆمی ئیکاتا لەم ناوچەیەدا بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکات.

جێی ئاماژەیە، توندترین بوومەلەرزە لە مێژووی ژاپۆن بە گوڕی 9.0 لە مانگی ئازاری ساڵی 2011 بوو، ئەو کاتە ناوەندی بومەلەرزەکەی لە کەنارەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن بوو، کە بووە هۆی تسونامی و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستدا و بێسەروشوێن بوون.

بوومەلەرزەکە تا ئێستا بە خراپترین کارەسات لە ژاپۆن لە قۆناغی دوای جەنگی جیهانی دووەم و سەختترین ڕووداوی ئەتۆمی لە دوای چێرنۆبیل لە ساڵی ١٩٨٦ دادەنرێت.

هاوکات لە ڕۆژی سەری ساڵدا بوومەلەرزەیەکی بەهێز ژاپۆنی هەژاند، کە گوڕەکەی ٧.٥ پلە بوو، هەروەها نیمچە دورگەی نۆتۆی گرتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٣٠ کەس گیانیان لە دەستدا، ژمارەیەکی زۆریان لە ئەنجامی داڕمانی بینا کۆنەکان گیانیان لە دەستدا.