راپۆرت و چاوپێکەوتن

"کەس خۆی لە قەرەی چارەسەرکردنی دۆزی کورد نادات"

17/04/2024

 

دەنگوباس
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت؛ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کەس خۆی لە قەرەی چارەسەرکردنی دۆزی کورد نادات، هیچ گرووپێکی تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە و بەپێی دەستووری عێراقیش شتێک نییە بە ناوی حکومەتی ناوەندی.


ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم  لە پانێلێکی تایبەت بە دیداری سلێمانی بەناوی "دۆخی ئێستا و داهاتووی ڕێکخستنە ئەمنییەکان و هاوکاری نێوان بەغدا و هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان" بەشداری لە پانێلێکدا کرد و باسی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، وتی، "بە بیانووی جیا جیا هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کەس خۆی لە قەرەی چارەسەرکردنی دۆزی کورد نادات".


ڕێبەر ئەحمەد پێیوایە گرووپە تیرۆرستییەکان بۆشایی ئەمنییان قۆستووەتەوە بۆ چالاکییەکانیان، دوو لیوای هاوبەش بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە، هەموو ڕێکارەکان تەواو بوونەو تەنیا دەستبەکاربوونیان ماوە.

دیداری سلێمانی، لەژێر ناوی "ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، کارەکانی بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، کە تێیدا ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتی لە هەرێمی کوردستان، عێراق، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکا، تاوتوێی پرسە سیاسی و ئابووری و ژینگەییەکان دەکەن.

دیداری سلێمانی، کارەکانی، لە ساڵی 2013ەوە دەستیپێکردووە، سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆی نێوان سەرکردەکان لەسەرانسەری جیهان.

دیداری ئەمساڵ، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکە و گفتوگۆی چڕی لەبارەوە دەکرێت، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و گرفتەکانی کەمبوونەوەی ئاو و چۆنیتی رووبەڕووبونەوەی لەلایەن وڵاتان، لە دیدارەکەدا تاوتوێدەکرێن و جەخت لە رێکارەکانی بەردەم پاراستنی ژینگە لە نێوان وڵاتان دەکرێنەوە.


#باشووری کوردستان