راپۆرت و چاوپێکەوتن

"ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیلتەنیا نمایش بوو"

17/04/2024

دەنگوباس

شارەزایانی سەربازیی خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە لەبارەی لێکەوتەی ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، شارەزایەکی سەربازیی پێیوایە کە کاریگەری لەسەر دۆخی عێراق دەبێت، لەبەرامبەردا شارەزایەکی دیکەی سەربازیی هێرشەکە بە نمایشکردنی شانۆیەک دەزانێت.

لیوا عادل کاکەیی، شارەزای سەربازیی، ڕایگەیاند؛ ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، ھیچ لێکەوتەیەکی لەسەر دۆخی ئەمنی عێراق نابێت، ھەروەھا ئەو ھێرشەی بە شانۆیەکی سیاسی لەقەڵەم دا، ھاوکات شارەزای سەربازی، ئەحمەد شەریفی ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەری ھەیە ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل لە ڕووی سیاسی، ئەمنی و سەربازییەوە لێکەوتەی بۆسەر عێراق ھەبێت، چونکە ھیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە گرووپە چەکدارەکان، بەشداری و پاڵپشتیان لە ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل نەکردبێت.

شەوی ١٣ی ئەم مانگە، ئێران بە ئاراستەکردنی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بیفڕۆکەوان، ھێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە وەڵامی ئەو ھێرشەی کە ڕۆژی ١ی ئەم مانگە، لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لە ئاکامدا جەنەڕاڵێکی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بە ناوی محەمەد ڕەزا زاھیدی و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران کوژران.
یەکەم ھێرش بوو کە ئێران لەناو خاکەکەیەوە بۆسەر ئیسرائیل، ئەنجامیدا

چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، لێکەوتەی لەسەر دۆخی عێراق ھەبێت، چونکە بەشێکی زۆری فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ئێران بەسەر ئاسمانی ژمارەیەک شاری عێراق و ھەرێم بەرەو ئیسرائیل تێپەڕببوون، ئەوەش بەپێی ھەندێک گرتەی ڤیدیۆیی کە شەوی ئەنجامدانی ھێرشەکە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بڵاوکرابوونەوە.

ھەرچەندە گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق بەفەرمی ڕایانگەیاندووە، وەک حزبوڵڵا لە لوبنان و حووسییەکان لە یەمەن بەشداریان لە ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا شارەزای سەربازی، ئەحمەد شەریفی ڕایگەیاند کە ھیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، بەشداری و پاڵپشتیان لە ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل کردبێت، بەڵام تا ئێستا لە عێراق بەفەرمی کاردانەوە لەسەر ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل ڕانەگەیەندراوە.

" ھێرشەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، تەنھا شانۆیەکی سیاسی بوو"
شارەزای سەربازیی، لیوا عادل کاکەیی لەبارەی لێکەوتەی ھێرشەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل لەسەر دۆخی ئەمنی عێراق وتی: "بە بۆچوونی من ئەم ھێرشەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، ھیچ لێکەوتەیەکی لەسەر دۆخی ئەمنی عێراق نابێت، چونکە ئەو ھێرشە تەنھا بە شانۆیەک دەزانم، لەبەر ئەوەی سووریا بریندار کرا، دەبوو ئێران کارێک بکات بۆ ئەوەی شکۆ بۆ وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە لە ھەمانکاتدا ئەو ئامانجانەی دیاری کردبوو کە ھێرشیان دەکاتە سەر کە ئاشکرابوو ئەو ئامانجانەش بەرزاییەکانی جۆلان و بیابانی نەقەب بوون".

ئەو شارەزا سەربازییە لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا بۆچی گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق، وەک حزبوڵڵا لە لوبنان و حووسییەکان لە یەمەن لە ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، بەشداریان لە ھێرشەکەدا نەکرد، وتی: "بە بۆچوونی من، گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق، لەلایەن ئێرانەوە فەرمانیان پێکراوە کە بەشداری لە ھێرشەکەی سەر ئیسرائیل نەکەن، ئەوەش لەبەر کەم شارەزایی ئەو گرووپە چەکدارانە لە بەکارھێنانی ئەو جۆرە چەک و تەقەمەنییانەی کە لە ھێرشەکەی سەر ئیسرائیل بەکارھێنران، ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەڵام ئیسرائیل وڵاتێکی ئاسان نییە و ئێران ترسی ئەوەی ھەبوو ئەگەر گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق لە ھێرشەکەدا بەشدارییان بکردایە لەوانەیە بەھۆی کەم شارەزاییان، زیانی گیانیان بە ئیسرائیل بگەیەنن، لەبەر ئەوە ئێران ڕێگای نەدا، گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق بەشداری لە ھێرشەکەی سەر ئیسرائیلدا بکەن".

عادل کاکەیی لەبارەی ئەوەی ئیسرائیل بە چ شێوازێک وەڵامی ھێرشەکەی ئێران دەداتەوە، ڕایگەیاند: "ئەگەری ھەیە ئیسرائیل لە ڕێگای بە ئامانجگرتنی ژمارەیەک ئەندامی سوپای پاسداران وەڵامی ھێرشەکەی ئێران بداتەوە، ئەگەریشی ھەیە ئیسرائیل بێ دەنگ بێت و وەڵامی ھێرشەکەی ئێران نەداتەوە، چونکە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن داوای لە ئیسرائیل کردووە کە دان بە خۆیدا بگرێت، چونکە ئەو ھێرشەی کە کرایە سەر ئیسرائیل زیانێکی ئەتۆی نەبووە کە شیاوی وەڵامدانەوە بێت".

وتیشی: "ئێستا کارەکەی ئێران تەواوبوو، چونکە بەرلەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بگەنە ئیسرائیل، ئێران بە نەتەوە یەکگرتووەکانی گوتبوو، وای دابنێن ئێستا ئەم کارە بەئەنجام گەیشتووە، ئەمەش مانای ئەوەیە بە ئیسرائیل بڵێن، ھیچ کاردانەوەیەکی نەبێ و کارەکەی ئێمە لەشانۆکەدا تەواوبوو".

"ھیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە گرووپە چەکدارەکان، بەشداری و پاڵپشتیان لە ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل نەکردبێت"
شارەزای سەربازیی، ئەحمەد شەریفی لەبارەی لێکەوتەی ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، وتی: "ئەگەری ھەیە ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل لە ڕووی سیاسی، ئەمنی و سەربازییەوە لێکەوتەی بۆسەر عێراق ھەبێت، چونکە ھیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە گرووپە چەکدارەکان، بەشداری و پاڵپشتیان لە ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل نەکردبێت، جگە لەوەش پرسی تێپەڕبوونی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ئێران بەسەر ئاسمانی عێراق بۆسەر ئیسرائیل، سەرکۆنە کراوە و کاردانەوەشی لێ نەکەوتەوە، ھەر وەک ئەوەی لە ئوردن ڕوویدا کە ئەمەش لەسەر حکوومەت و دامەزارەکانی حکوومەت ھەژمار دەکرێت".
ڕاشیگەیاند: "بەبۆچوونی من گرنگترین لێکەوتە ئەوەیە کە ئەمریکا ڕێگری لە ئیسرائیل کرد لەوەی وەک کاردانەوەیەک، بە ئەنجامدانی ھێرش وەڵامی ھێرشەکەی ئێران بداتەوە، زۆر ڕوونە کە ڕێگرییەکەی ئەمریکا لە ئیسرائیل وەڵامدانەوەی ھێرشەکەی ئێران، ئەوەیە کە ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشەکەی ئێران، پەنا بباتە بژاردەی یاسایی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی".

ئەو شارەزا سەربازییە باسی لەوەش کرد کە ئێستا دۆخەکە لە عێراق مەترسیدارە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی عێراق ھاوپەیمانی ئەمریکایە، بۆیە پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق بۆ ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل، دەبێتە مایەی سەرھەڵدانی قەیرانێکی گەورە لە ھاوپەیمانی عێراق و ئەمریکا، جگە لەوەش دەبێتە مایەی شەرمەزاریکردنی محەمەد شیاع سوودانی کە ئێستا لە ھەوڵی بەدیھێنانی ھاوبەشی دووقۆڵیی دایە لەگەڵ ئەمریکا.

وتیشی: "ئێستا لە ناوچەکە، بژاردەی وەڵام و ھێرشکردنەسەر یەکتر سنووردار کراوە، چونکە ئێستا وەڵام و ھێرشکردن لە دەستی ئیسرائیلە و ئەوەش داواکارییەکەی ئەمریکا جێبەجێ دەکات و وەڵامی ھێرشەکەی ئێران ناداتەوە".


#ئیسرائیل
#ئێران