کوردستان

داشكاندن لە باجی ئەو پیشەوەرانەدا دەكرێت كە داهاتیان سنووردارە

16/04/2024
bazar

دەنگوباس

حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاریی ئه‌و كاسبكار و پیشەوەرانه‌ ده‌كات كه‌ داهاتيان سنوورداره‌، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێنماییی داشكاندنی خەمڵاندنی داهاتی ساڵانەی بە ڕێژەی 50% دەركردووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كە لە 27 ی ئاداری 2024 دەرچووبوو، ڕێنمایيی دارایی بە مەبەستی هاوكاریكردنی پیشەوەرانی داهاتی سنووردار دەركرد، كە كاری پێویست بۆ داشكادنی خەمڵاندنی داهاتی ساڵانەیان بە ڕێژەی 50% بە ئامانجی كەمكردنەوەی باری قورسی داراییان ئەنجام بدرێت.

لە ڕێنماییەكەدا كارئاسانی پێویست لە چوارچێوەی یاساكانی باج بۆ باجدەران لە چین و توێژی كاسبكاران و پیشەوەران دەكرێت، بە تایبەت پێداچوونەوەی دەسەڵاتی دارایی بە ڕێژەی خەمڵاندنی باجی پیشەكان و كاری كاسبكاران كە خاوەن یەك سەرچاوەی داهاتی سنووردان و بژێویی ژیانی خێزانییان لەسەر ئەم كارەیە، بە ئاراستەی بارسووكی لە پێدانی باج، بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی ناهەمواری دارایيی هەرێمی كوردستان.

بڕیاری لێخۆشبوونی باج بۆ ئەو کاسبکارانە جێبەجێ دەکرێت کە تەنها یەک سەرچاوەی داهاتیان هەیە؛ کە بریتین لە: شوێنی چاککردنەوەی مۆلیدە و ماتۆڕی بچووک، سکاڵانووس، چاککردنەوە و فۆرماتی کۆمپیوتەر، چادر دروو، ئاسنگەری کوورە، ئوتووی هەڵمی ئاسایی، دروستکردن و فرۆشتنی کڵاش، ئەتاریخانە، فرۆشتنی کۆنەی ماڵان، سەموونخانەی بەردی، نانەواخانە و نانکەری کوردی، مریشک و پەلەوەرفرۆش، چایخانەی میللی، فرۆشتنی خەڵووز، لەفکردنی کەلوپەلی کارەبایی، چاککردنی ئامێری دەنگی (ڕادیۆ و موسەجەل)، لەنگەفرۆش، هەللاج، لەبغچی و کاشی و فەخفوورچی و شتایگەرچی، خەلفەی بینا، نەجاڕ، خەباتەچی، گەرماوە میللییەکان، ئاشی بەرد، شوێنی پێڵاوی میللی و لاستیک، تۆمارگەی کاسێت و سیدی، ساندویچ و خواردنی برژاو و سەرپێیی، خۆشنووس و وێنەکێش، تەنەکەچی، سەرراج، وەستای مۆبایل، دووکانی ناو کۆڵانەکان، سەرتاشخانەی یەک کورسیی شوێنە میللییەکان، پەنچەرچی بەتەنیا.

ڕۆژی 27 ی ئاداری 2024، حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین بڕیاری بۆ داشكاندن و لێخۆشبوون لە قەرز و باج و سزاكانی سەر هاووڵاتییان دەركرد و قۆناغ بە قۆناغ بڕیارەكان چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.


#باشووری کوردستان
#ئابووری