جیهان

بە هۆی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بایدن پشووەکانی هەڵوەشاندەوە

13/04/2024

دەنگوباس

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بەهۆی تەشەنەکردنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری دروستبوونی ڕووداوی چاوەڕواننەکراو، جۆ بایدن گەشتە تایبەتەکانی کۆتایی هەفتەی هەڵوەشاندەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، کۆشکی سپی ڕاگەیەنراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل تەشەنەیان کردووە و بەوهۆیەوە بەپێویست زانراوە بۆ وەرگرتنی ڕاوێژ لەئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بمێنێتەوە.

بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە، جۆ بایدن، بۆ وەرگرتنی پشووی کۆتایی هەفتە سەردانی ویلایەتی دیلاوێر بکات.

هەڵوەشاندنەوەی پشووەکانی جۆ بایدن لەکاتێکدایە ئەمڕۆ شەممە، لەنزیک کەناراوەکانی ئیمارات، هێزێکی تایبەتی سوپای پاسداران دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری سەربە ئیسرائیلدا گرت، سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، ئێران بەرپرسە لە ئاڵۆزترکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.