کوردستان

لە ئێران، دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی کورد، بەهۆی بەشداریان لە ئاهەنگی نەورۆز بەردەوامە

18/04/2024

 

دەنگوباس
هەوڵەکانی حکومەتی ئێران دژ بە ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لە جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵ دا، لە شارە کوردییەکان بەشدارییان کردبوو بەردەوامە.
ڕێکخراوەکان، کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی ناو ئێران دەبەستن ڕایدەگەیەنن ڕۆژی چوارشەممە ڕابردوو، دوو هاووڵاتی دیکەی کورد بەهۆی بەشداریکردنیان لە مەڕاسیمی جەژنی نەورۆز لەلایەن دەزگای ئیتڵاعاتی شاری میاندواو بانگکراون و پاشان دەستگیر کراون.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێن؛ ئومێد قادر نژاد و موحسن قادرەڕەش هەردووکیان خەڵکی گوندی حاجی حەسەنی شاماتی سەر بە شاری میاندواون کە دەکەوێتە ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە و هاوسنوورە لەگەڵ شاری مهاباد، بەهۆی بەشداربوونیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز دەستبەسەر کراون و دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ بەندیخانەی ناوەندی میاندواو گواستراونەتەوە."
لە مانگی ڕابردووشدا هونەرمەندێکی کورد بە ناوی محەمەد عەباسزادە، بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگی نەورۆز لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کرا.
ئەو هونەرمەندە تەمەن 35 ساڵانە کە پێشتریش، بەهۆی وتنی سروودی " ژن، ژیان، ئازادی" لە دەمی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران دەستگیرکرابوو، لە 27ی مانگی سێی 2024، لە پاش گەڕانەوەی لە ڕێوڕەسمێکی نەورۆز لە ناوچەی مەلەکشاهی پارێزگای ئیلام دەستگیرکرا .
هەر لە مانگی سێدا هونەرمەند حەسەن کاکەییش بەهۆی گۆرانی وتنی لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری بۆکان دەستگیر کرا بەڵام پاش لێکۆڵینەوە کردن لەگەڵیدا ئازاد کرا.
هەر لە چوارچێوەی فشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئەو کەسانەی کە بەشداری ئاهەنگەکانی نەورۆزیان کردووە لە شارە کوردییەکاندا، لوتفوڵا پەروێز یەکێک لە چالاکوانەکانی شاری گیەڵان کە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ئاهەنگی نەورۆز بووە لە شارەکەدا لە لایەن ناوەندە ئاسایشییەکانەوە لە مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر کراوە و چەند هاووڵاتییەکی تریش کە بەشداری ئاهەنگەکەیان کردووە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
لە شاری کرماشانیش هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە یەکێک لە پارکەکانی شارەکە تەقەیان لە دوو لاوی کورد کردووە و برینداریان کردوون.
بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە لە جەژنی نەورۆزەوە هەتا ئێستا لانیکەم 13 هاووڵاتی کورد بەهۆی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراون و سەدان هاووڵاتی دیکەش لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

سەرچاوە؛ voa


#ئێران
#ڕۆژهەڵاتی کوردستان