کوردستان

مەكتەبی سیاسی یەكێتی: هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن پاشقولگرتنە لە دیموکراسی و ڕەتیدەکەینەوە

01/05/2024
yaketi

دەنگوباس

‏‎مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و بەتوندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی ڕێککەوتنی لایەنەکان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کرد، کە بڕیارە لە ١٠-٦-٢٠٢٤ ئەنجامبدرێت.
‏‎

ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا (١-٥-٢٠٢٤) کە لە دەباشان بەڕێوەچوو، مەکتەبی سیاسی لە پێناو داكۆكیكردن لە مافی دیموكراسیی خەڵكی کوردستان، بڕیاریدا بە هەموو ڕێکارێکی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ هەوڵە ناڕەواكانی دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ١٠ی حوزەیران دا بچێتەوە.
‏‎

ئاماژە بەوەشکراوە، کۆبوونەوە هەمووانی لەو پێشهاتە ترسناكە ئاگادارکردەوە كە هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و ڕێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە، دەشبێتە مایەی خەوشێكی گەورە بە تەوێڵی پرۆسەی سیاسیی كوردستانەوە کە سەرەنجام هیچ ئیعتیبارێك بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی دیموکراسیانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەکانی هەرێمی كوردستان ناهێڵێتەوە و شەرعییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا خۆی کاربەڕێكەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، مەکتەبی سیاسی ئەم جۆرە هەوڵانەی دواخستن بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموكراسی دەزانێت و هیچ پاساوێكی بۆ نییە، تەنیا ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی تەسكی ئەوانە نەبێت كە خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدزنەوە و بەدوای دەرچەیەكی ناڕەوادا دەگەڕێن، كە زۆرینەیەكی زۆرەملێ و پێشوەختی مسۆگەرکراویان بۆ دابینبكاتەوە، هەر بۆیە ڕایدەگەیەنێت هەرگیز بەشێک نابێت لە کەینوبەینی ژێربەژێر و پێشوەختەش هەموو کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە.
‏‎

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بڕیاری کۆبوونەوەکەی یەکێتی ئاشکراکراوە و لە چەند خاڵێکدا خراوەتەڕوو؛
‏‎- بە یاداشتی فەرمی و دیداری ڕاشكاو و جددی دۆستانی پڕۆسەی سیاسیی کوردستان، عێراق و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەم پەرۆشییە دیموکراسییەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە.
‏‎- ⁠بە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی داکۆكیكار لە پابەندبوون بەوادەی هەڵبژاردن، یەکڕیزی و دیموکراسی پتەوتر دەکات.
‏‎- ⁠پەنا بۆ سكاڵای یاسایی دەبات و بەگوێرەی دەستووری عیراق و یاسا بەركارەكانی، داكۆكی لەم مافەی میللەتەکەمان دەكات.


#باشووری کوردستان
#هەڵبژاردنی کوردستان
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان