کوردستان

بەڕێوەیەرایەتی گشتی حەج و عومرە هۆشداری لە حەجی نا فەرمی دەدات

01/05/2024
hajj

دەنگوباس

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە بارەی حەجی نا فەرمییەوە هۆشداری دەدات و ڕایگەیاند، "سعودیە هۆشداری داوە بەو کەسانەی بە نا یاسایی فەریزەی حەج ئەنجامدەدەن، هەر کەسێک دەستگیربکرێت تووشی کێشە دەبێتەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی حەجی ئەمساڵ خەڵکانێک بە ناوی کەسی و کۆمپانیاوە دەستیان کردووە بە بانگەشەی بردنی حاجییان بە ڕێگەی ڤیزەی ساڵی یاخود هەر جۆرە ڤیزەیەکی دیکە، بۆیە لێرەوە بە گرنگ و پێویستی دەزانین هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دووبارە ئاگاداربکەینەوە کە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە حەجێکی لەم جۆرە نییە، حکومەتی سعوودیەش بۆ ئەمساڵ چەندین ڕێککاری توندی داناوە بۆ رێگری کردن لە حەجی نافەرمی.

ئاماژەی بەوەکرد، پێشتریش وەزارەتی حەجی عەرەبستانی سعوودیە بڵاوی کردووتەوە و بە هەموو شاندی وڵاتانی ڕاگەیاندووە کە هەر کەسێک جگە لە ڕێگەی فەرمی بە هەر ڕێگەیەکی دیکە لە وەرزی حەجدا فەریزەی حەج ئەنجام بدات لەکاتی دەستگیرکردنی تووشی کێشە دەبێتەوە چ بە پێژماردنی پارە یاخود بە بەندکردن و ڕێگریکردن، کە جارێکی دیکە ئەو هاووڵاتییە گەشتی سعوودیە نەکاتەوە هۆشداری بڵاودەکاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە دووپاتی کردەوە، کە هەر هاووڵاتییەک بە ڕێگەی ڤیزەی ساڵی یاخود هەر جۆرە ڤیزەیەکی دیکە لە سعوودیە دەستگیر بکرێت خۆی بەرپرسیار دەبێت، بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە هەموو دەرهاویشتەکان دەخاتە ئەستۆی خۆیان.

بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە خۆیان بە دوور بگرن لەم بانگەشانە تاوەکوو سەروەت و سامانیان بە فیرۆنەچێت و ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە، هەر کۆمپانیایەک لە ئەگەری هەڵسانی بەم کارە و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومرەی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی هەبێت ئەوا مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و جارێکی دیکە بۆی نییە لە هەرێمی کوردستان و عیراق کاری حەج و عومرە بکاتەوە.


#باشووری_کوردستان