کوردستان

بەکر حەمە سدیق: وشەیەکمان نییە بەناوی ڕاستکردنەوە بۆ بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق

01/05/2024
bakr hama sdiq

دەنگوباس

پارێزەری سکاڵاکارانی داوای مووچەی فەرمانبەران لەبارەی بڕیاری دادگای فیڕاڵی بۆ بە بانکیکردنی مووچە ڕایگەیاند، وشەیەکمان نییە بەناوی ڕاستکردنەوە بۆ بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق.

پارێزەر بەکر حەمەسدیق، پارێزەری سکاڵاکارانی داوای مووچەی فەرمانبەران لە بەردەم دادگای فیدراڵی بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، چ لە یاسای دادبینی شارستانی، چ لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکەشدا وشەیەکمان نییە بە ناوی ڕاستکردنەوە بۆ بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق، جا حاڵیان ئاوایە بۆیە ڕۆژیان گەیشت بەم حاڵە جوانە، کە نەزانن دوو دەستەواژەی یاسایی لێک جیابکەنەوە، دەستەواژەی ڕاستکردنەوە بەکاربهێنن بۆ بڕیای دادگای فیدڕاڵی، لای خۆی ڕاوێژکاری یاساییان هەیە جێی خۆیەتی دەستەواژەکان بۆ حکومەتی هەرێم ڕاستبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، ماددە ٤٥ کە باسی هەموار دەکات، مەرجی داناوە، ئەویش، یەکەم، دەبێت پێویستی دەستوری هەبێت، دووەم، نابێت دەستکاری مافی بەدەستهاتوو بکات، ئەو بڕیارە دۆخێکی یاسایی هێناوەتە پێشەوە کە پێشتر نەبووە، واتە مافی فەرمانبەران کە بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەدەستهاتووە، هەروەها میکانیزمی وەرگرتن و گەیاندنی مافەکەش بە فەرمانبەر، کە هەردووکیان پێشتر نەبووە، بۆیە نابێت ئەو هەمووارە دەستکاری ئەو دوو خاڵە بکات، کە بە بۆچوونی من "هەژماری من" دەستکاری هەردووکییان دەکات، بۆیە ناکرێت هەموار بکرێتەوە.

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، من وەک پارێزەری داواکارانی ئەو سکاڵایە تەنها لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە ئەو هەوڵەم بیستووە، ڕۆژانەش وێب سایتی دادگا دەکەمەوە هیچ وادەیەکی دانیشتنی دادگا سەبارەت بە بابەتی بەوجۆرە نەدراوە، بەڵام عادەتەن دەسەڵاتی سیاسی هەرێم ناچێت لە ڕووە یاساییەکەوە بکات ڕێی تێدەچێت چوبێت قسەی لەگەڵ ئەو هێزە سیاسیانە کردبێت، کە لە پشت ئەندامانی دادگاوە وەستاون، بەڵام مەرج نییە ئەو هەوڵە ئەنجامی هەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هیچ مەرجێکی یاسایی بۆ جێکردنەوەی "هەژماری من" لە پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەدا نییە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ڕوونە، کە باس لە بانکە فیدراڵییەکان دەکات، باسی هیچ بانکێکی ئەهلی تێدا نییە، تەنانەت باسی هیچ بانکێکی هەرێمیشی تێدانییە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک یەکەم کەس و لایەن کە عەیبدار دەبێت بریتییە لە خودی دادگای فیدڕاڵی، چونکە هیچ میسداقیەتی نامێنێت کە بکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسی چەند لایەنێکی سیاسی و هەرێم کۆببنەوە، بڕیاری خۆی بگۆڕێت، بڕواناکەم دادگای فیدڕاڵیش بە ئاسانی ئەوە بکات.

جەختیشی کردەوە، شتی وانییە دادگا بە ڕوونکردنەوە بڕیاری خۆی بگۆڕێت، بەڵام ئەوە کفری یاساییە شتی واش نییە، سەبارەت بە پاشگەزبوونەوەش لە بڕیارەکە، کە پەیڕەوی ناوخۆ باسی کردووە، کاتێک دەبێت کە بەرژەوەندی دەستوری هەبێت.

باسی لەوەشکرد، ئەوەی بوترێت با "هەژماری من" و بانکەکانی حکومەتی عێراقیش هەبێت، بکرێتە ئیختیاری بۆ ئەوەی فەرمانبەری هەرێم کامیان هەڵدەبژێرێت، بەڕاستی لە هەڕەمی کوردستان شت کە بووە ئیختیاری واتای ئیجباری، واتە شتێکمان نییە بڵێ ئیختیارییە لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە بۆ هاووڵاتییان.


#باشووری_کوردستان
#باشووری_کوردستان