جیهان

بوومەلەرزە شارێکی تورکیای هەژاند

18/04/2024
bumalarza

دەنگوباس

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلە لە قەزای سولوسارایا لە شاری تۆکات لە تورکیا ڕوویدا، هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا دوو بوومەلەرزەی دیکە لە پارێزگاکە روویدا، بەهۆیەوە دەرگای قوتابخانەکان نەکرانەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلە بە پێوەری ڕێختەر ڕوویدا، چەقی بوومەلەرزەکە شارۆچكەی "سولوسارای" بووە و لە قوڵایی 9.97 کیلۆمەتر تۆمار کراوە، بەهۆیەوە دەرگای قوتابخانەکان لە سێ شارۆچکەی ئەو پارێزگایە نەکرانەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتن و کارەسات ئافاد، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 6 جارێکی دیکە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 لە سەنتەری قەزای سولوسارای ڕوویداوە، لە شارەکانی دەوروبەریشی هەستی پێکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ساڵی 2023 لە ڕۆژی 6ی شوباتدا، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان ڕوویاندا، بوومەلەرزەکان 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند، بەگوێرەی ئاماری فەرمیی تورکیا، زیاتر لە 53 هەزار کەس بەهۆی هەردوو بوومەلەرزەکەوە گیانیان لە دەستدا.


#تورکیا
#باکووری_کوردستان