یەكەمین دیداری فیكری گۆڕان دەستیپێكرد

دەنگوباس
بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی کاری پێشوی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان خستنەڕووی تێڕوانی نوێ بۆ داهاتووی کاری سیاسی حزبەكە، یەكەمین دیداری فیكری گۆڕان لە سلێمانی دەستیپێكرد.

بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی کاری پێشوی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان خستنەڕووی تێڕوانی نوێ بۆ داهاتووی کاری سیاسی حزبەكە، یەكەمین دیداری فیكری گۆڕان لە سلێمانی دەستیپێكرد.

عەدنان عوسمان ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە وتاری دەستپێکی دیدارەکەدا باسی لە بنەمای فیکریی حزبەكە کرد و وتی، گۆڕان حزبی رۆژ نییە و بۆ گۆڕینی سیستمی ئابوریی، پەروەردەیی، سیاسیی و بەڕێوەبرن دروستبوو.

لای خۆشیەوە دلێر عەبدولخالق رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی بەڕێوەچوونی یەکەم دیداری گۆڕان رایگەیاند، دیدارەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (پرد)دا دەبێت، تاووتوێی بنەما فیکرییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێت و چوار پانێڵ لەخۆدەگرێت.

لە دیدارەکەدا، باکگراوندی فیکری بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و ئەکادیمیست، نوسەر و رۆشنبیران، تیشک دەخەنە سەر بەشە جیاوازەکانی ئەم بابەتە و هەوڵدەدەن وەڵام و شیکردنەوە بۆ چەند تەوەر و پرسێک بکەن، لەوانە: (ناسنامە و روانگەی فیکری گۆڕان، ئەرکە رۆشنبیری و فیکریەکانی گۆڕان، داڕشتنەوەی بنەما فیکریەکانی کاری سیاسی بۆ داهاتو، هەڵسەنگاندنی کارنامەی سیاسی گۆڕان، ئەرکی گۆڕان بەرامبەر پرسە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان، پێویستیەکانی پەڕینەوەی قۆناغی سیاسی لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسەڵات و رۆڵی رۆشنبیران لە گەڵاڵەکردنی پلان و ستراتیژی فیکر و سیاسی گۆڕان).

دلێر عەبدولخالق ئاماژەی بەوە کرد، لە دیدارەکەدا نزیکەی (100) کەس لە خەڵکی دەستەبژێر، رۆشنبیر و ئەکادیمیست بانگهێشتکراون، کە نزیکایەتییان لەگەڵ بیری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، گفتوگۆیەکی چڕ و جدی ئەنجام دەدەن، بۆ گەڵاڵەکردنی چەند راسپاردەیەک بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی بونیادە فیکرییەکانی کاری رێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان، دواتر راسپاردەکان ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی و خانەی راپەڕاندن دەکرێن بۆ ئەوەی لە داڕشتنی کاری سیاسی گۆڕان جێ بگرێت.