شەماڵ عەبدولوەفا: گۆڕان خۆی بە خاوەنی سلێمانی و هەرێمی كوردستان دەزانێت

دەنگوباس
شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری کاروباری باژێڕوانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە میانی چاوپێكەوتنێكدا باس لە پرسی رێككەوتنەكەی حزبەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات سەبارەت بە بەشداریكردنیان لە حوكمڕانی و راشیدەگەیەنێت گۆڕان خۆی بە خاوەنی هەرێمی كوردستان دەزانێت.

* لە دوایین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا بڕیارتاندا راپۆرتێك بدەنە پارتی، راپۆرتەكەتان رادەستکردوون یاخود نا؟
شەماڵ عەبدولوەفا: لەپێش كۆبونەوەی جڤات، دەقی رێككەوتنەكەمان بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پارتی، لەسەر ئاستی حكومەت، بەغدا، پەرلەمان، هێناو خاڵ بە خاڵ سەیرمان كرد‌و هەڵسەنگاندن بۆ مەسەلەی یەكڕیزی ‌و یەكگرتوویی كورد لە بەغدا‌و مەسەلەی چاكسازی لە هەرێم‌و بەشداری راستەقینە لە حكومەت، هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەمانە كراوە‌و بردمانە جڤات‌و لەوێ كرا بە راپۆرت‌و بڕیارە لەم یەك دوو رۆژەدا بدرێت بە برادەرانی پارتی‌و بڕیاریشە كۆبونەوەیەك بكەین بزانین بۆ شەش مانگی داهاتوو پلان‌و بەرنامە چیە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە‌و چەند هەنگاوی تر دەچێتە پێشەوە یان چەق دەبەستێت.

* ئێوە دەچن یان ئەوان دێنە سلێمانی؟
شەماڵ عەبدولوەفا: ئێمە ئەوان بانگهێشت دەكەین‌و پێش كۆتایی ساڵی پار، خانەی راپەڕاندن چووینە سەڵاحەدین‌و كۆبونەوەیەكی گرنگمان كرد.

* لەم كابینەیەدا زۆر پێداگری لەسەر چاكسازی دەكەن‌و یاسای چاكسازیش پەسەندكراوە، هەنگاوەكان بەدڵی ئێوە بوون؟
شەماڵ عەبدولوەفا: یاسای چاكسازی هەنگاوێكی سەرەتایی بچوكە‌و تێڕوانینی ئێمە بۆ چاكسازی گشتگیرە، بۆ چاكسازی لە موچە‌و دەرماڵەی پلە باڵاكان ناتوانین بە ئیجابی یان سلبی هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین تا ئەو كاتەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە‌و هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، دەرماڵە لە 56٪ی موچە دەبات لە هەرێم‌و بەشێوەی ناعەدالەتی دیاریكراوە ئەگەر ئەمە رێكبخرێتەوە پارەیەكی باش بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە. ئەگەر پێشمەرگە یەكبخرێتەوە‌و یەك سەرچاوەی خانەنشینی هەبێت‌و چارەسەری بندیواری بكرێت ئەو كاتە دەتوانین بڵێین هەنگاوی باش نراوە.

* واتە پێویستە پرۆژەی تر هەبێت؟
شەماڵ عەبدولوەفا: ئەمە یاسایەكە بەشێكە لە چاكسازی كە ئێمە داوامان كردووە، سوربوونمان لەسەر چاكسازی بۆ خزمەتی خەڵك ‌و هەرێمە، دەبێت چاكسازی بكرێت لە پرسی دارایی، داهات، نەوت، بودجە‌و سلكی ئەمنی ‌و سەربازی‌و پەیوەندییەكانی دەرەوە.

* ناوی چوار بریكاری وەزیرتان داوەتەوە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كەی دەستبەكار دەبن؟
شەماڵ عەبدولوەفا: بڕیارە بەمنزیكانە دوو بریكاریان دەستبەكار بن، ئەوانیش بریكاری وەزارەتی پەروەردە‌و ناوخۆیە.

* مەسەلەی سزادراوانی سیاسی بەكوێ گەیشتووە، وابزانم سەرۆكی حكومەت ئیمزای لەسەر دەستبەكاربوونەوەی 350 كەس كردووە؟
شەماڵ عەبدولوەفا: 350 كەمتر یان زیاتر ئەوانە رێكخراون‌و جیاكراونەتەوە كە ئایا لە وەزارەتی پێشمەرگە یان ناوخۆن یان ئاسایشن، چەند لیستێكی تریشمان هەیە پێداچوونەوەی پێدا دەكەین، دەبێت جیای بكەینەوە چونكە بەڕاستی هەموو سزادراوان لەوانەیە سزادراوی سیاسی نەبن‌و هەیە كێشەی ئیداری هەبووە یان پێشمەرگەیە‌و لە شەڕی داعش وازی هێناوە، هەیە سزای یاسایی دراوە، ئەوەی ئێمە تەبەنی دەكەین ئەوانەن لەو كاتەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دروستبووە لەسەر سزای سیاسی موچە‌و بەرزكردنەوەی پلەیان وەستاوە‌و دەركراون، تەبەنی ئەمانە دەكەین، ئەوانەی تر تەبەنی ناكەین.

* ماوەیەكە بەراوردی خزمەتگوزاری دەكرێت لەنێوان هەولێرو سلێمانی، ئێوە قسەتان چیە لەسەر ئەوە؟
شەماڵ عەبدولوەفا: ئەوە زیاتر پەیوەندی بە ئیدارە‌وە هەیە نەك بزوتنەوەی گۆڕان، حزبەكان دەبێت كوردستان هەمووی بە یەك پاكێج سەیر بكەن بە ناوچە دابڕێنراوەكانیشەوە‌و ناكرێت جیای بكەیتەوە، بۆ مەسەلەی سلێمانی هۆكارەكە قەیرانی داراییە، كە وایكردووە ئیشەكانی پارێزگار وەك ئەوەی خۆی دەیەوێت‌و گۆڕان دەیەوێت نەڕوات بەڕێوە.

هەولێر وەبەرهێنانی زیاتر تێدایە‌و سلێمانی كەمترە، لەوێ یەكێك لە ئیشە باشەكانیان رێگاوبانە، بەڵام دەبێت بیر لەوەبكرێتەوە رێگاوبان ئەگەر ئیشی تێدا كرابێت لەبەرامبەردا بۆ خزمەتگوزارییەكانی ئاو ‌و كارەبا‌و خزمەتگوزارییەكانی تر هەولێر باشترە یان سلێمانی.

* بەلای تۆوە دۆخی كامیان باشترە؟
شەماڵ عەبدولوەفا: پێموایە لە زۆر بواری خزمەتگوزاری لەناو گەڕەكەكان‌و دەرەوەی شاریشدا سلێمانی باشترە، لە هەولێر كێشەی ئاوەڕۆ هەیە لە سلێمانی ئاسانترین ئیش ئاوەڕۆیە هیچ ناوچەیەك نیە پرۆژەی ئاوەڕۆی بۆ نەكرابێت‌و كێشەی ئاویش كەمترە. پرسیارێك هەیە ئایا پارتی وەكو پارێزگایەك سەیری هەولێر دەكات لە پارەی خۆی هاوكاری دەكات، ئایا یەكێتی ئەوەی كردووە‌و لەو پارەیەی دەستیدەكەوێت هاوكاری سلێمانی دەكات؟

* بەم شێوەیە بێت، دەبێت پارتی خۆی بە خاوەنی هەولێر‌و یەكێتیش خۆی بە خاوەنی سلێمانی بزانێت؟
شەماڵ عەبدولوەفا: نا من واناڵێم. هەولێر جێی نفوزی پارتیە‌و سلێمانیش جێی نفوزی گۆڕان و یەكێتییە.

* بزوتنەوەی گۆڕان لە 2009ەوە تا ئەم هەڵبژاردنانەی پێشوو كە دەوترێت تەزویری زۆر كراوە لە سلێمانی یەكەم بووە، یانی ئێوە خۆتان بە خاوەنی سلێمانی نازانن؟
شەماڵ عەبدولوەفا: چۆن خۆمان بە خاوەن نازانین، خۆمان بە خاوەنی سلێمانی ‌و هەرێمی كوردستانیش دەزانین، بە یەك پاكێج سەیری كوردستان دەكەین، گۆڕان پرۆژەیەكی مەعریفی بووە‌و دواتر چووەتە پەرلەمان‌و بەشداری پرۆسەی سیاسی ‌و حكومەت‌و پەرلەمانی كردووە‌و لەو پرۆژە مەعریفیە دەرچووە‌و بووە بە حزب‌و  كۆنگرەی كردووە، پرۆژەكەی ئێمە گشتگیرە، بەڵام جێی نفوزمان ئەم ناوچەیەیە، ئێمە نە كۆمپانیامان هەیە‌و نە سەرچاوەی دارایی‌و نە وەبەرهێنانیش لە نەوتدا، بۆیە لە چوارچێوەی ئەو بودجەیەی كە هەیە پرۆژەكان دەكرێت، دەبێت ئەو پرسیارە لە كاك هەڤاڵ بكەیت كە چەندە پارەی دەدەنێ بۆ پرۆژەكان.

* ئێوە زۆر پێداگری لەسەر لامەركەزییەت دەكەن، بەڵام ئەم كابینەیە زۆر مەركەزییە.
شەماڵ عەبدولوەفا: مەسەلەی لامەركەزی یەكێكە لە خاڵەكانی رێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی، لامەركەزی حكومەت لە مەركەزدا بچوك دەكاتەوە‌و دەسەڵات لە شارەكاندا گەورە دەكات، هەموو ئەو وڵاتانەی كە حكومێكی رەشیدیان هەیە، لەسەرەوە حكومەتەكەیان بچوكە‌و لە خوارەوە بنكە فراوانی بە دەسەڵاتە، وڵات دەبێت ئاوا بڕوات بەڕێوە ئەگینا ئەگەر وەكو ئێستا هەموو دەسەڵاتەكان لە پنتێكدا گرمۆڵە بكەیت سەركەوتوو نابێت.

* ئەگەر ئەو چاوپێكەوتنەی جەنابت لە فەیسبووكی خۆمان دابنێین هەرچەند قسەی جدی‌و باشیشت كردبێت، خەڵك هەر رەخنە دەگرن‌و زۆر گلەیی لێتان هەیە.
شەماڵ عەبدولوەفا: ئەوە بۆچوونی خەڵكە، نیشانەی ئەوەیە تائێستاش بزوتنەوەی گۆڕان جێگەی سەرنج‌و هیوای خەڵكە‌و لای نەداوە لە بەرنامە سیاسیەكەی خۆی، سێ ئەگەر هەیە لەبەردەمماندا، یان دەبیتە ئۆپۆزسیۆن كە ئێمە تاقیمانكردەوە یان بە شەڕ‌و شۆڕ بابەتەكان یەكلا بكەیتەوە كە ئەمە ئیشی ئێمە نیە، ئەمجارە چووینەتە حكومەت بۆ پۆست‌و پلەو پایەش نەچووین، بۆ ئەوە چووین بكەوینە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی ‌و پرۆژەمان هەبێت بۆ چاكسازی، خۆ ئەگەر چاكسازی بكرێت بێجگە لە خەڵك بۆ ئێمە چەندە سودی دەبێت بۆ یەكێتی ‌و پارتیش ئەوەندە‌و دەبێتە هۆی مانەوەیان، مەسەلەی كۆمێنتی خەڵكیش كە رەخنە‌و گلەییان هەیە ئەگەر بابەتیی بن لای من جێگەی رێزە‌و بە نەزەری ئیعتیبار وەریدەگرم، ئەگەر بەراورد بە حكومەتی سلێمانی بكرێت لەگەڵ هەولێر كە لەژێر ناونیشانی ئیداری بزوتنەوەی گۆڕاندایە دەبێت بزانرێت هەندێك لە دامەزراوەكانی سەر بە حكومەتی ناوەندین، هەموو دەزگا ئەمنیەكان یەكێتی دەیانبات بەڕێوە‌و سەر بە دكتۆر هەڤاڵ نین‌و بەناو هی پارێزگای سلێمانین، بەو بودجە كەمەی لەبەردەستیدایە بە هەڵسەنگاندنی من دكتۆر هەڤاڵ ئیدارەیەكی باشی داوە.

* گفتوگۆی حكومەتی نوێی عێراق دەستیپێكردووە بڕیاری لایەنی كوردی چیە؟
شەماڵ عەبدولوەفا: هەفتەی رابردوو لە سەرۆكایەتی هەرێم كۆبونەوەیەك هەبوو، بڕیارەكە ئەوەیە بە یەكهەڵوێستی‌و یەكڕیزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكرێت.

* بەڵام رۆژی یەكشەممە محەمەد حەلبوسی ‌و مەسعود بارزانی كۆبونەوە‌و راگەیەندراوێكیان هەبوو، ئەو هەنگاوە دژی هەوڵەكانی یەكڕیزی نیە؟     
شەماڵ عەبدولوەفا: بەڕێزان حەلبوسی ‌و بارزانی، ئەگەر رێككەوتنیان كردبێت بەدەر لە پارتی‌و ئێمە‌و یەكێتی ‌و سەرۆكایەتی هەرێم وەڵا ئەوە دەبێت لە خۆیان بپرسن‌ چۆنە؟ ئایا كاك مەسعود بێ‌ پرس‌و راوێژ دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بێ‌ سەرۆكایەتی هەرێم كە بڕیارە سەروكاری ئەم ئیشە بكات، رێككەوتن بكات؟.

* بەڵام بارزانی لەناو پارتیدا قسەی یەكلاكەرەوەی هەیە؟  
شەماڵ عەبدولوەفا: لەناو پارتیدا قسەی یەكلاكەرەوە هەیە، بەڵام خۆ ئێستا هیچ سیفەتێكی رەسمی لە حكومەت ‌و سەرۆكایەتی هەرێم نیە‌و ئەو دەسەڵاتی یەكەمە لەناو پارتیدا.

* جەنابت پێتوایە لەم خولەدا هاوپەیمانی كوتلە كوردستانیەكان پێكبهێنرێت؟
شەماڵ عەبدولوەفا: هەوڵ ‌و نیەتێكی باش هەیە بۆ دروستكردنی ئەو هاوپەیمانیە، بەڵام ئەوە لەسەر ئەساسی شتی مادی دروستدەكرێت، لەسەر شتی مەعنەوی‌و قسە دروست ناكرێت، كاتێك دروست دەكرێت بە یەك‌و یەكگرتوویی بچیتە بەغدا‌و ئەوەی دەستت دەكەوێت دابەشی بكەیت بەسەر هەموو حزبەكاندا بە كۆمەڵ‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو تەنانەت نەوەی نوێ، داوای یەك خیتابی دەكرێت دەبێت شتێكی مەلموسمان بدرێتێ نەك لەنێوان خۆیاندا دابەشی بكەن وەك مەسەلەی كۆمیسیۆنەكە دوو حاكمی پارتی ‌و یەكێتیان دانا، ئەمە خۆی لە خۆیدا غوبن دروست دەكات، ئێمە لە كۆبونەوەكانیشدا پێمان وتن ئێوە دەتانەوێت لە بەغدا شەریكتان بین‌و لێرەش خەریكمان دەكەن.

* با كەمێكیش قسە لەسەر دۆخی ناوخۆی گۆڕان بكەین، ئێستا دۆختان لە قەزاو ناحیەكاندا چۆنە؟ ئێوە سكرتێری باژێڕوانەكانن دیارە ئاگادارن.
شەماڵ عەبدولوەفا: لە 10ی مانگی داهاتوودا هەموو خانە دابەشدەبین بەسەر ناوچەكاندا‌و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی خۆمان دەكەین، وەكو ئەوانەی تۆ باسی دەكەی لە فەیسبوك كە رەخنە دەگرن لەناو قاعیدەكەی خۆشماندا ترس ‌و سەرنج هەیە ئەمانە حاڵەتێكی زۆر ئاساییە‌و كە دەچینە ناویان‌و هاوكێشە سیاسیەكەیان بۆ رووندەكەینەوە قەناعەت دەكەن، ئێمە لەسەر ئاستێكدا خەریكی خۆڕێكخستنەوەین، لەسەر ئاستی ژوورەكان، فراكسیۆنەكان، حكومەت، باژێڕەكان.

* خەڵێكی زۆرتان زوویر بووە‌و لە ماڵەوەن هیچ هەوڵێك هەیە بۆ هێنانەوەیان؟ 
شەماڵ عەبدولوەفا: ئەمانە چەند جۆرێكن، هەندێكیان وازیان لە گۆڕان هێناوە، تا ئەو كاتەی بڕوایان بە گۆڕان هەبووە واجبی سەرشانمانە رێزیان بگرین‌و سوپاسی بەشداریان بكەین، هەندێكیان زویرن‌و رەخنەیان هەیە، هەندێكیان هەر گۆڕانن بەڵام لە ماڵەوە دانیشتوون.

* هەڵە نەبم رێكخەری نوێی ژووری سیاسی یەكێك بووە لە زویربووەكان؟
شەماڵ عەبدولوەفا: بەڵێ ئەو رەخنەی هەبووە‌و ماوەیەكیش زویر بووە، ئامادەیی ئیشكردنی هەبووە‌و ئێستا ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

سەرچاوە: زەمەن