سامان گەرمیانی دەربارەی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەنگوباس دەدوێت

سامان گەرمیانی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی
دەنگوباس
سامان گەرمیانی ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی رایدەگەیەنێت ئەو كەیسە كۆتاییهاتووە كە بە هۆیەوە دادگای فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردبوو.

ئەمڕۆ لە ڕێی سۆشیال میدیاوە فەرمانێكی دادگای سلێمانی بۆ دەستگیركردنی سامان گەرمیانی ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی بڵاوكرایەوە كە مێژووەكەی بۆ مانگی ئەیلولی 2019 دەگەڕێتەوە.

دادگا لە چەند نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی و سەرجەم بازگەكان و هەروەها مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە، داوا دەكات سامان گەرمیانی ڕادەستی دادگا بكرێت ئەویش بە هۆی ئەوەی بە پێی ماددەی 432ی یاسای سزادانی عێراقی داواكراوە. ماددەكە پەیوەستە بە هەڕەشەكردن و سزاكەشی دەگاتە یەك ساڵ زیندانیی.
  
دەربارەی نووسراوەكە سامان گەرمیانی لە لێدوانێكیدا بۆ "دەنگوباس" ڕایگەیاند ئەو مانگی ئەیلولی ڕابردوو چووەتە دادگا و دادوەر بڕیاری ئیفراجكردنی دا و كەیسەكەش كۆتایی هاتووە.

سامان گەرمیانی لەو بڕوایەشدابوو كە بڵاوكردنەوەی ئەو نووسراوانە لەم كاتەدا پەیوەندی بەو "هەڵمەتەوە بێت كە چەند رۆژێكە دەكرێن"  لە دژی و پێیوابوو "مەبەستی لە پشت بێت"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەدووریزانی كە لە ناوخۆی یەكێتییەوە ئەو نووسراوانە بڵاوكرابێتنەوە و ڕایگەیاند "بڕواناكەم لە ناو یەكێتییەوە كرابێت".

سامان گەرمیانی یەكێكە لەو سەركردانەی یەكێتی كە لە كۆنگرەكەی كانوونی یەكەمی ڕابردووی حزبەكەیدا دەنگی پێویستی نەهێنا بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەوكات ڕایگەیاند كە پاشقولی لێگیراوە بۆ ئەوەی نەبێتەوە بە ئەندامی سەركردایەتی.