پەرلەمانتارێكی پارتی: دەبێت کورد خۆی نوێنەرەکانی بۆ حکومەتی عێراق دیاری بكات

دەنگوباس
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت كە هەمیشە پاڵپشتی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بوون و ئێستاش دەبێت هەر كاندیدێكی پشكی كورد بۆ پۆستە وەزارییەكان لە رێی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەستنیشان بكرێت.

ناسر هەركی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەر بە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند ئێمە هەموو کات پاڵپشت و هاوکاری حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بووین، مەبەستیشمان لێی ئەوەیە کە خزمەتی گەلی عێراق بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەر حکومەتێک پێک بێت، رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراقی لەنێودا بێت.

سەبارەت بە چۆنێتی دیاریكردنی كاندیدەكانی كورد بۆ پۆستە وەزارییەكانیش وتی: "دامەزراوەی فەرمیی وەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانمان هەیە، بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی عێراق، كاندید و پاڵێوراومان دەبێت لە رێگای دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بێت".

لەبارەی وادەی سەردانکردنی محەمەد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، ناسر هەركی رایگەیاند "بڕیارە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق سەردانی هەولێر بکات".

ئەوەشی خستەڕوو كە وەفدێكی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە بەغدان.