یەكەم لێدوانی پارتی دەربارەی هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی یەكێتی

دەنگوباس
دوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت كە حزبەكەی مامەڵە لەگەڵ یەكێتیدا دەكات.

ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتییەوە وەك هاوسەرۆكی حزبەكە هەڵبژێردران كە وەك دوو نەیاری سەرەكی دیاری یەكیێتیی هەژمار دەكرێن.

نوری حەمە عەلی ئەندامی سەركردایەتی پارتی سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی لەسەر هەڵبژاردنی هاوسەرۆكی یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ "دەنگوباس" ئەوەی خستەڕوو كە پارتی مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعەدا دەكات رایگەیاند "یەكێتی هەر یەكێتیە و ئەگەر تەفاهومیان لەگەڵ نەكرێت چۆن دەبێت".

وتیشی "ئێمە (پارتی) لەگەڵ هەموو حزبێك مامەڵە دەكەین و رێزمان بۆیان هەیە".

یەكێتی لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەمی رابردوودا چوارەمین كۆنگرەی بەست، لەو كاتەشەوە تا ئێستا پارتی بە فەرمی پیرۆزبایی لە یەكێتی نەكردووە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانیش وەك سەرۆكی حكومەت پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی  لە یەكیێتیی كرد.

بەڵام نوری حەمە عەلی  ئەندامی سەركردایەتی پارتی پێیوایە كە ناكرێت پیرۆزباییەكەی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی تەنیا وەك پۆستە فەرمییەكەیان لێكبدرێتەوە، بەڵكو دەكرێت وەك هەڵوێستی فەرمی پارتی بخوێندرێتەوە و لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ "دەنگوباس" رایگەیاند "پارتی چۆن پیرۆزبایی لە یەكێتیی  نەكردووە؟ سەرۆكی هەرێم جێگری سەرۆكی پارتییە و سەرۆكی حكومەتیش ئەندامی مەكتەبی سیاسییە".

بەڵام ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی ئامادە نەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە ئایا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پیرۆزبایی ئاڕاستەی هاوسەرۆكی یەكێتی دەكات یان نا.

ئەمڕۆش لەیەكەم لێدوانیان دوای هەڵبژاردنیان بۆ هاوسەرۆكایەتی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی رایانگەیاند یەكێتی دەكەنەوە بە یەكێتییەكەی مام جەلال.
ئەم دەستەواژەیەش لە ناو یەكێتییەكاندا وەك ئاماژەیەك بۆ گەڕاندنەوەی حزبەكە بۆ سەردەمی زێڕینی مام جەلال سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی بەكاردەهێنرێت.