عەبدوڵا گول: دەترسم پرسی كورد ببێتە بابەتێكی نێودەوڵەتی

دەنگوباس - ئەنقەرە
سەرۆك كۆماری پێشووی توركیا مەترسی خۆی دەربڕی لەوەی پرسی كورد لە توركیا چارەسەر نەكرێت و ببێتە پرسێكی نێودەوڵەتی.

عەبدوڵا گول سەرۆك كۆماری پێشووی توركیا لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ نووسەرانی رۆژنامەی "كارار"ی توركی، باسی لە پرسی كورد كرد لە توركیا و ئەوەی خستەڕوو كە میدیای وڵاتەكەی پرسی كورد وەكو خۆی باس ناكەن.

ئەوەشی خستەڕوو كە لە كاتی رایفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستاندا، راپۆرتێكی كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی ئەوەی بینیوە كە 15 ملیۆن كورد لە توركیا هەیە، بەڵام كاتێك هەمان بابەت لە سی ئێن ئێن تورك خرایەڕوو، باسی ژمارەی كوردی توركیای نەكرد.

گول رایگەیاند بوونی ئەو ژمارە زۆرەی كورد لە توركیا راستییە، بەڵام پرسیار ئەوەیە كە تاچەند وەكو هاووڵاتییەك مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

سەرۆك كۆماری پێشووی توركیا مەترسی خۆیشی دەربڕی لەوەی ئەگەر پرسی كورد لە ناوخۆی ولاتەكەدا چارەسەر نەكرێت، كێشەكە رەهەندێكی نێودەوڵەتی وەربگرێت.

عەبدوڵا گول یەكێك بوو لە كەسە نزیكەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئێستای توركیا، بەڵام بە هۆی شێوازی حوكمڕانی ئەردۆغانەوە ناكۆكییان بۆ دروست بوو و تا ئێستاش چەند جارێك ئەردۆغان لە وتەكانیدا هێرشی كردووەتە سەر گول.