كۆرمۆر؛ یەكەم بەریەككەوتنی راستەوخۆی لاهور شێخ جەنگی و مەسرور بارزانی

دەنگوباس
لە دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت و كۆتاییهاتنی كۆنگرەی یەكێتی، كێڵگەی غازی كۆرمۆر بووە گۆڕەپانی یەكەم بەریەككەوتنی راستەوخۆی نێوان لاهور شێخ جەنگی و مەسرور بارزانی كە بە یەكەم كەسایەتی بەهێزی نێو حزبەكانیان دادەنرێن و هەریەكەشیان هەژموونێكی فراوانیان بەسەر زۆنی زەرد و سەوزدا هەیە.

لە دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت و كۆتاییهاتنی كۆنگرەی یەكێتی، كێڵگەی غازی كۆرمۆر بووە گۆڕەپانی یەكەم بەریەككەوتنی راستەوخۆی نێوان لاهور شێخ جەنگی و مەسرور بارزانی كە بە یەكەم كەسایەتی بەهێزی نێو حزبەكانیان دادەنرێن و هەریەكەشیان هەژموونێكی فراوانیان بەسەر زۆنی زەرد و سەوزدا هەیە.

كێڵگەی كۆرمۆر دەكەوێت سنووری قەزای چەمچەماڵەوە و رۆژانە 400 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت كە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و غازی ماڵان بەكاردەهێنرێت.

سەرەتای كێشەكە لە مەسەلە گرێبەست و تەندەری ئەو كۆمپانیایەوە دەستیپێكرد كە گواستنەوەی غازی كیڵگەكەی بۆ دەرچووە. پارتی و حكومەتی هەرێم (كە مەسرور بازرانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی سەرۆكایەتی دەكات) دەڵێن تەندەرەكە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازی و شەفافیەتدا دراوە بە كۆمپانیا، بەڵام یەكێتی بۆچچوونێكی دیكەی هەیە.

ئەمڕۆ هەریەك لە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەت و فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە دوو راگەیەندراوی جیادا بڵاویانكردەوە چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوو رێگرییان كردووە لەوەی غاز لە كۆرمۆرەوە بۆ هەولێر و دهۆك بگوازرێتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی غازی ماڵان و بەرزبوونەوەی نرخەكەی لەو دوو پارێزگایەدا.

رووداوەكە لەلایەن میدیای پارتی بە گشتی و مەسرور بارزانی بە تایبەتیەوە گرنگیی زۆری پێدرا و تێیدا هێرشی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كرایە سەر لاهور شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجومەنی گشتی یەكێتی كە بە ركابەرێكی بەهێزی پارتی و بە تایبەتیش مەسرور بارزانی دادەنرێت.
 
لە بەرامبەریشدا ماڵپەڕی "میللەت" نزیك لە لاهور شێخ جەنگی بە توندی وەڵامی هێرشەكانی پارتی دایەوە و ئاماژەیدا بەوەی ئامانجی پارتی لە سەرنج خستنەسەر كیڵگەی كۆرمۆر "بەتاڵانبردنی سامانی ناوچەی سەوزە"، بەڵام بەرگێكی فەرمی و حكومی كردووە بە بەردا.

سەرچاوەیەك بە ماڵپەڕەكەی راگەیاندووە كە "یه‌كێتی رێگه‌ به‌ هیچ كه‌س و ده‌سه‌ڵات و لایه‌نێك نادات سه‌روه‌ت و سامانی ناوچه‌كه‌ی سه‌وز تاڵان بكه‌ن. له‌ سێبه‌ری ئه‌م یه‌كێتیه‌ به‌هێزه‌دا، پارتی ئه‌و هێزه‌ی جارانی نامێنێت‌ سه‌رخان و ژێرخانی ناوچه‌ی سه‌وز داگیربكات و رۆژێكیش دێت ته‌واوی كوردستان له‌ده‌ست گه‌نده‌ڵ و نه‌وتخۆر و مافیاكانی ناو پارتی راده‌په‌ڕن".

سەرچاوەكە دەڵێت: پارتی چەند رۆژێكە لە رێی سۆشیال میدیاوە ئامادەكاری بۆ ئەو بابەتە دەكات، بەڵام "ئه‌مڕۆ راسته‌وخۆ پارتی به‌ هه‌موو تواناوه‌ دژ به‌ یه‌كێتی و ناوچه‌ی سه‌وز هاته‌ مه‌یدان و، ده‌مامكه‌كه‌ی خۆی لا برد و دامه‌زراوه‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی تاكلایه‌نه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كار هێنا و به‌ فه‌رمانی پاراستن به‌یاننامه‌ی به‌ وته‌بێژی حكومه‌ت و فراكسیۆنه‌كه‌ی خۆی له‌ په‌رله‌مان ده‌ركرد".

راشیگەیاند كە "پارتی ده‌یه‌وێت به‌ ناوی شه‌فافیه‌ت و چاكسازییه‌وه‌، غازه‌كه‌ش بدزێت ، سامانی ژێر زه‌وی و سه‌رزه‌وی ته‌واوی كوردستان داگیر بكات و شه‌رعیه‌ت به‌و دزی و داگیركارییه‌ بدات" و جەختیشیكردووەتەوە لەوەی "چیتر ناتوانن وه‌ك چۆن مافیا ئاسا نه‌وته‌كه‌ی كوردستان ده‌دزن، غازه‌كه‌ش بدزن".

سەرچاوەكەی ماڵپەڕی میللەت باسی لەوەشكردووە كە "له‌ ماوه‌ی 26 ساڵی رابردوودا پارتی ده‌ستی به‌سه‌ر گومرگی ئیبراهیم خه‌لیل دا گرتوه‌ و یه‌ك سه‌نتی له‌ سه‌دان ملیار دۆلاری داهاتی ئه‌و گومرگه‌، نه‌داوه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ، هاوکات له‌ ماوه‌ی 16 ساڵی رابردوودا پارتی ده‌ستی به‌سه‌ر نه‌وتی كوردستان دا گرتوه‌ و جگه‌ له‌ شاردنه‌وه‌ و تاریكاندنی داهاته‌كه‌ی و لووشدانی سه‌دان ملیار دۆلار بۆ بنه‌ماڵه‌ ده‌ست رۆیشتووه‌كه‌، و خواردنی هه‌زاره‌ها ملیۆن دۆلار به‌ ناوی قه‌رز و شیرینی نه‌وت و وه‌به‌رهێنانی درۆیینه‌ له‌ كه‌رتی وزه‌دا، پارتی یه‌ك سه‌نتی له‌ نه‌وتی كوردستان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌رج نه‌كردوه‌ و ئه‌وه‌ی كردویه‌تی له‌ پاره‌ دیاره‌كانی به‌رهه‌می نه‌وت بووه‌ كه‌ ئێستاش رۆژانه‌ زیاتر له‌ 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، كه‌ پارتی ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتوه‌ بێ سه‌روشوێنه".

هاوكات پارتی تۆمەتبار كردووە بەوەی "له‌ ماوه‌ی 2014 تا 2018 پارتی ده‌ستی به‌سه‌ر نه‌وتی كه‌ركوك دا گرت و كۆمپانیاكانی بنه‌ماڵه‌ی خسته‌ سه‌ر سێ كێڵگه‌ی گه‌وره‌ی كه‌ركوك و رۆژانه‌ یه‌ك ملیۆن و 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی له‌ رێی كوڕه‌كانی بارزانییه‌وه‌ ره‌وانه‌ی توركیا و ئه‌وروپا و ئه‌فریقا و هیتر ده‌كرد، به‌ڵام یه‌ك سه‌نت له‌و پاره‌یه‌ نه‌ك نه‌درا به‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ڵكو پاره‌ی خه‌ڵكیشیان بری و به‌ناوی سه‌ربه‌خۆیی ئابورییه‌وه‌، خۆیان نه‌وته‌كه‌یان برد و خه‌ڵكیش بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ به‌ نیو موچه‌ و چاره‌كه‌ موچه‌ ژیانیان برده‌ سه‌ر و تا ئێستاش موچه‌خۆران زیاتر له‌ (20) ملیار دۆلار موچه‌یان لای حكومه‌ته‌كه‌ی پارتییه".

ئەو سەرچاوەیەی كە بۆ ماڵپەڕەكەی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی قسەی كردووە باسی لەوەشكردووە كە پارتی لە ساڵانی نێوان 2014 تا 2018 "به‌ خۆشی نه‌وته‌وه‌، شه‌نگالی راده‌ستی داعش كرد و به‌شه‌ریكی له‌گه‌ڵ داعش، نه‌وتی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تیان ده‌گواسته‌وه‌ بۆ توركیا و له‌و پێناوه‌دا 200 هه‌زار كه‌س له‌ شه‌نگال جینۆساید كران و هه‌ر كه‌ حكومه‌تی عێراقیش داوای نه‌وته‌كه‌ی كه‌ركوكی كردوه‌، كه‌ ئه‌ویش بۆ توركیا ده‌برا، پارتی كه‌ركوكی چۆڵ كرد و 200 هه‌زار كوردی كه‌ركوكیش ئاواره‌ كران".

ئەوە سەرچاوەیە راشیگەیاندووە كە "ئێستا پارتی و حكومه‌ته‌كه‌ی و په‌رله‌مانه‌كه‌ی ده‌یانه‌وێت غازه‌كه‌ی كوردستان بدزن و رێگه‌یه‌ك بۆ ئه‌و دزییه‌ بدۆزنه‌وه‌. هاتوون باسی شه‌فافییه‌ت و تازه‌كردنه‌وه‌ی ته‌نده‌ر ده‌كه‌ن. سودفه‌ گه‌وره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ته‌ندره‌ی كه‌ پارتی ده‌ڵێت بۆ خه‌ڵكی ئاسایی به‌ناوی گواستنه‌وه‌ی غازی كۆرمۆره‌وه‌ ده‌رچووه‌، دراوه‌ به‌ ئه‌فسه‌رێكی پاراستن".

هەرچەندە كێشەكەی كێڵگەی كۆرمۆر و غاز وردە وردە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت، بەڵام لە ئەگەری چارەسەركرنیشیدا ئەم گرفتە وەك یەكەم رووبەڕوو بوونەوەی راستەوخۆی نێوان دوو كەسایەتییە بەهێزەكەی نێو پارتی و یەكێتی دەمێنێتەوە و دەركەوت كە یەكێتی هەر كاتێك بیەوێت، دەتوانێت لە چەمچەماڵەوە فشاری گەورە لەسەر چەقی هێزی پارتی لە بادینیان دروست بكات.