حكومەتی هەرێم: چەند كەسێكی دەستڕۆیشتووی گەرمیان و سلێمانی رێگە نادەن غاز بگاتە هەولێر و دهۆك

دەنگوباس - هەولێر
حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كە "چەند كەسێكی دەستڕۆیشتووی گەرمیان و سلێمانی" رێگری دەكەن لە گەیشتنی غاز بۆ هەولێر و دهۆك و دۆخەكەیان ئاڵۆز كردووە.

جووتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی دەربارەی گرفتی بەرزبوونەوەی نرخی غاز لە هەولێر و دهۆك بڵاوكردەوە.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت: "لەلایەن چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی رێگرییان لێ کراوە و وەک کارتێکی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆک وەک پێویست بگات، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی گاز لەو دوو پارێزگایە".

ئەوەشی خستەڕوو كە "لەم دوو رۆژەی رابردووشدا کەسانی ئاماژەپێکراو بە هێزی چەکدار و تووندوتیژی نواندن بەرامبەر بە کۆمپانیاکە، هێندەی دیکە دۆخەکەیان ئاڵۆز کردووە".

دەقی راگەیەندراوەكەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، وەک وەڵامدانەوە بۆ داواکاریی رەوای هاووڵاتییان لە ئەنجامدانی چاکسازی و گرتنەبەری شەفافییەت لە کاروباری حکومیدا، بڕیاردرا گشت گرێبەستی کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان و بەپێی پرۆسەی بەتەندەرکردن بێت. 
 
لەم چوارچێوەیەدا بابەتی گواستنەوەی گاز لە کۆمپانیای داناغازەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێم، کە لەلایەن کۆمپانیایێکەوە قورخ کرابوو، کرایە تەندەر و دوای ئەوەی بۆ کۆمپانیایەکی دیکە دەرچوو و بڕیاربوو لە سەری ساڵی نوێوە دەستبەکار ببێت، بەڵام لەلایەن چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی رێگرییان لێ کراوە و وەک کارتێکی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆک وەک پێویست بگات، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی گاز لەو دوو پارێزگایە.
 
لەم دوو رۆژەی رابردووشدا کەسانی ئاماژەپێکراو بە هێزی چەکدار و تووندوتیژی نواندن بەرامبەر بە کۆمپانیاکە، هێندەی دیکە دۆخەکەیان ئاڵۆز کردووە. وێڕای ئاگادار کردنەوەی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان لەم کێشەیە، دڵنیایان دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم لە هەنگاوەکانی چاکسازی پاشگەز نابێتەوە و هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی قورخکاران و مافیاکان رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
 
جووتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/2/2