قایمقامی هەولێر: هێزێكی چەكدار هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی غاز

دەنگوباس - هەولێر
قایمقامی هەولێر رایدەگەیەنێت كە هێزێكی چەكدار لە گەرمیان رێگری دەكەن لە گەیشتنی غاز بۆ هەولێر و دهۆك ئەوەش نرخی غازی لەو دوو پارێزگایە بەرزكردووەتەوە.

ئەمڕۆ نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند چه‌ند ڕۆژێك غازی ماڵان كه‌می كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌م ده‌هاته‌ نێو شاری هه‌ولێر، هۆكاره‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕاوه‌ گرێبه‌ستی دابینكردنی غازی ماڵانی كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (دانه‌ غاز) هه‌یبوو، له‌ 1/1/2020 ته‌واو بوو، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان و دانه‌ غازه‌وه‌ گرێبه‌سته‌كه‌یان یه‌ك مانگی دیكه‌ بۆ درێژ كرایه‌وه‌، بۆ بتوانێت ڕاده‌ستی كۆمپانیاكه‌ی دیكه‌ بكات.

ئەوەشی خستەڕوو كە بڕیار بوو دەست بە ناردنی غاز بۆ هەولێر بكرێتەوە، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی کۆمپانیای نوێ لە کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، خاوەنی کۆمپانیا نوێیەکە لەلایەن هێزێکی چەکداری ناسراوەوە رفێندراوە و سەرباری ئەزیەتدانیشی، رێگری لێکراوە غاز بۆ هەولێر ببات.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر دەڵێت "کۆمپانیای پێشوو کە پاڵپشتییەکی زۆریان هەیە بە پاڵپشتیی سەربازیشەوە، رێگرن لەوەی غاز دابەشی سەر شارەکانی کوردستان بکرێت".

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید داواشی لە سەرۆكی حكومەت كرد كار بكات چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.