ڕۆژ کەریم سەرقاڵی بەرهەمهێنانی "ببورە"یە

دەنگوباس
هونەرمەند ڕۆژ کەریم سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆکلیپێکی نوێی خۆیەتی کە گۆرانییەکی سۆزدارییە و لە شاری سلێمانی کلیپی بۆ دەکات.

هونەرمەند ڕۆژ کەریم لە بارەی بەرهەمەکەیەوە رایگەیاند ״نوێترین بەرهەمم گۆرانییەکە بە ناوی (ببوورە) کە بەرهەمێکی سۆزدارییە و بۆ خۆم یادگاریم لەگەڵ بەرهەمەکەدا هەیە و لە دڵەوە وتوومە بۆ هەوادارانم و بەو هیوایەم هەر واش بە جوانی بچێتە لای گوێگران و بەرهەمەکەیان بە دڵ بێت.״

ڕۆژ کەریم وتیشی: ״ئەم بەرهەمە لە تێکستی خۆم و هاوڕێی ئازیزم هەردی سویدییە کە پێکەوە نووسیومانە و هەر خۆشم ئاوازم بۆ داناوە، کاری دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپەکە لە لایەن یوسفی حاجی یونس ئەنجام دراوە و دیمەنەکانیشی لە کوردستان وێنەی گیراوە، بەرهەمەکە پێشتر تۆمارم کردبوو بەڵام بڵاو نەکرایەوە و ئێستا کاری ڤیدیۆکلیپمان بۆ کردووە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا بڵاوی دەکەینەوە.״

هونەرمەند ڕۆژ کەریم لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، لە ساڵی 1985ـەوە دەستی کردووە بە کاری هونەری و ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە لە وڵاتی سوید ژیان بەسەر دەبات.