ئەسپێ تەنگی بە كەرتی پەروەردە هەڵچنیوە

دەنگوباس
ڕشك و ئەسپێ تەنگ بە كەرتی پەروەردەی هەرێم هەڵدەچنێ، زۆرێك لە قوتابخانە و باخچەكانی ساوایان دایكان و باوكانیان ئاگادار كردووەتەوە، هەروەها وەزارەتی تەندروستییش بە هانای پەروەردەوە دەچێت و زیاتر لە 30 هەزار شامپۆی بۆ دەنێرێت تاوەكو دابەشی بكات، هەرچەندە ڕێژەی قوتابخانە و خوێندنگەكان لەو بڕە زیاترە و بەش ناكات، بەڵام زۆرێك لەو حاڵەتە لە لایەن دایكانەوە چارەسەر دەكرێن و خۆیان دەرمان و شامپۆ دەكڕن.

سەناریا نامیق، لە ڕێی ڕابەری پۆلی ئەو قوتابخانەیەی سازی كچی تێدا دەخوێنێت لە سلێمانی ئاگادار كراوەتەوە بۆ كۆبوونەوەی دایكان و باوكان، و لەو كۆبوونەوەیەدا ئاگاداریان كردوونەتەوە كە ڕشك و ئەسپێ لە قوتابخانەكەیاندا زۆر بووە و داوایان لێ كردوون پاكوخاوێنیی منداڵەكانیان ڕابگرن.

״نموونەی شامپۆیەكیان پیشان داین كە لە بازاڕەكان خۆمان بیكڕین و شێوازی بەكارهێنانەكەیان پێ وتین، بۆیە كە سەیری قژی كچەكەم كرد تووشی شۆك بووم، هێندەی ئەسپێ پێوە بوو، بۆیە بەپەلە لە دەرمانخانە ئەو شامپۆیەم پەیدا كرد״، سەناریا نامیق وای وت.

قەبارەی ئەسپێ ئەوەندەی تۆوی كونجییە و شەش قاچی هەیە، ڕەنگی خۆڵەمێشی و سپییە و  دەتوانێت بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لە قژەكەدا بمێنێتەوە و پێویستی بە خوێنی سەری مرۆڤە، هەروەها لەناو قژەكەدا گەرا دادەنێت كە پێی دەوترێت ڕشك و شێوەی هێلكەییە و درێژییەكەی 2-3ملمە، ڕەنگی زەرد، سپییە و بە هەفتەیەك گەراكە دەبێتەوە بە ئەسپێ.

سازان محەمەد، توێژەری كۆمەڵایەتییە لە قوتابخانەی (م.ن) لە سلێمانی، ساڵانە بە هاوكاریی تیمە تەندروستییەكان پشكنین بۆ قژی خوێندكارەكانیان دەكات و شامپۆ و ڕێنمایی پێویست لەو بارەوە بە نووسراو دەداتە خوێندكارەكان و رایگەیاند  ״ئەمساڵ یەك جار پشكنینمان بۆ قژی خوێندكارەكانمان كردووە و لە كۆی (425) خوێندكار (71) خوێندكارمان تووشی ئەو حاڵەتە بوون، هیچ جۆرە شامپۆیەكمان بە دەست نەگەیشتووە، بەڵام ساڵی پار بۆمان نێردرا، بۆیە تەنها لە ڕێی نووسراوەوە خێزانی خوێندكارەكانمان ئاگادار كردووەتەوە״.

بە گوێرەی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا (30152) شامپۆی دژە ئەسپێ بەسەر خوێندنگە و باخچەكانی هەرێمدا دابەش كراوە.

د.نورەدین عەبدوڵڵا، بەرپرسی تەندروستیی خوێندنگەكانی دهۆك دەڵێت: ״ڕشك و ئەسپێ بە ڕێژەیەكی زۆر لە خوێندنگەكانی پارێزگای دهۆكدا هەیە و ساڵانە شامپۆی تایبەت بە ئەو حاڵەتە دابین دەكەین، ئەوەش بە تەنیا چارەسەر نابێت و پێویستمان بە هاوكاریی كەسوكاری قوتابییەكانە״.

بە پێی ئامارەكەی تەندروستی، لەو (30152) شامپۆیەی دابین كراوە، (2233) شامپۆ بۆ سلێمانی نێردراوە و (25619) دانەشیان بۆ پارێزگای دهۆك و (2500) دانەش بۆ پارێزگای هەڵەبجە بووە و بۆ پارێزگای هەولێر نەنێردراوە و گوایە حاڵەتەكان كەم بوون و تەنیا كەسوكاری قوتابییان ئاگار كراونەتەوە.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند: ״هۆكاری بڵاوبوونەوەی ئەسپێ بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ قەرەباڵغیی خوێندكاران لە پۆلەكاندا، بۆیە بە ئاسانی لە یەك كەسەوە دەگوازرێتەوە بۆ تەواوی پۆلەكە و بە سوپاسەوە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی تەندروستیی سلێمانی هەماهەنگیی تەواومان هەیە و لە ڕێی بنكە تەندروستییەكانیان پشكنین بۆ خوێندنگەكان دەكەن، جۆری پێداویستی و شامپۆ دەنووسن كە لە هەر سنوورێكدا هەبێت״.

تەندروستی بۆ ئەو حاڵەتە بە هانای وەزارەتی پەروەردەوە دەچێت و هاوئاهەنگییان هەیە و ساڵانە لە ڕێی تیمە تەندروستییەكانەوە پشكنین بۆ خوێندكاران دەكەن.

سابات محەمەد، پسپۆڕی خۆپاراستنی تەندروستی لە سلێمانی دەڵێت ״ئەو منداڵانەی ئەو حاڵەتەیان هەیە دیاری دەكرێن بەبێ ئەوەی منداڵەكانی تر بزانن شامپۆیان پێ دەدرێت״.

لە سنووری پەروەردەی پارێزگای هەڵەبجەش ڕشك و ئەسپێ لەناو قوتابخانەكاندا هەیە و شامپۆ بە خوێندكاران دەدەن و تەندروستییان ئاگادار كردووەتەوە بۆ هاوكاریكردن.

ئەكرەم محەمەد ئاغا، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجەش وتی: ״2500 شامپۆمان بۆ ئەو حاڵەتە كڕیوە و نزیكەی (2300) شامپۆمان بەسەر خوێندنگەكاندا دابەش كردووە و  زیاتر لە (300) شامپۆشمان بۆ زانكۆی هەڵەبجە دابین كردووە״.

تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەو حاڵەتە كەمترە، بۆیە پەروەردە و تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن هەر حاڵەتێك هەبێت ڕەوانەی تەندروستیی دەكەن.

د.سەرهەنگ جەلال، بەرپرسی تەندروستیی هەولێر دەڵێت: ״تەنها لە ڕێی ڕێنماییەوە خوێندكارانمان ئاگادار كردوونەتەوە و هەر خوێندكارێكیش تووشی ئەو حاڵەتە بووبێت دەنێردرێتە نزیكترین بنكەی تەندروستیی سنووری خۆیان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست كە شامپۆیە״، بەڵام  بەشدار خۆشناو، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر دەڵێت: ״شامپۆ و شانە لە ڕابردوودا بۆ ئەو حاڵەتە دابەش كراوە، بەڵام لە ئەمساڵدا حاڵەتێكی وامان نەبووە و ڕەنگە بە ڕێژەیەكی كەمیش هەبێت لەناو خوێندكاردا و نەمانزانی بێت و مەترسیدار نییە״.

بە پێی ئامارێكی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا یەك ملیۆن و (700) هەزار خوێندكار هەیە، هەروەها (128) هەزار و (424) مامۆستا بوونیان هەیە كە دابەش بوون بەسەر (6635) خوێندنگەدا.

سەرچاوە: ئاژانس