مشتومڕ دەربارەی چاوپێكەوتنەكەی نێچیرڤان بارزانی بەردەوامە، گۆڤارە ئیرانییەکە دەڵێت تۆماری دەنگییمان لایە

نێچیرڤان بارزانی لە کاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ "وەرزنامەی خوێندنەوەی سیاسەتی دەرەوە"ی تاران
دەنگوباس
مشتومڕ دەربارەی چاوپێكەوتنەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گۆڤارێكی ئێرانیدا بەردەوامە كە تێیدا هەڵوێستی خۆی لەسەر ریفراندۆمەكەی 2017 راگەیاندووە و بە کارێکی هەلە وەسفیدەکات.

هەرچەندە گۆڤاری "وەرزنامەی خوێندنەوەی سیاسەتی دەرەوە"ی تاران هاوینی رابردوو چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا ئەنجام داوە، بەڵام مشتومڕەكە كاتێك دروست بوو كە هەفتەی رابردوو بەشی كوردی ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی ناوەڕۆكی بەشی یەكەمی چاوپێكەوتنەكەی بڵاوكردەوە.

بە گێڕانەوەی گۆڤار و ئاژانسە ئێرانییەكە، نێچیرڤان بارزانی دەربارەی ریفراندۆم دەڵێت: "بۆ کورد ئەوە سەلما کە ئەم کارە (بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی) ڕوانگەیەکی دروست نەبووە. ئەم سیاسەتی سەربەخۆیی خوازییە لە ئێستادا شتێکە کە نایێتە دی و ئەنجامی نییە".

ئەم هەواڵە زۆر بە خێرایی لە بەشێك لە ماڵپەڕ و كەناڵەكانی هەرێم (جگە لە كەناڵەكانی پارتی) بڵاوبووەوە، هەر بۆیە وتەبێژێك بە ناوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "به‌ته‌واوی و به‌ ئه‌نقه‌ست مانا و مه‌به‌ستی قسه‌كانی (نێچیرڤان بارزانی) ده‌ستكاری كراوه‌ و به‌ڕێزیان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و وشه‌ و ده‌سته‌واژانه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌كارنه‌هێناوه".

بەڵام وتەبێژەكە روونكردنەوەی زیاتری دەربارەی قسەكانی سەرۆكی هەرێم نەدا، لەبەرامبەریشدا گۆڤاری "وەرزنامەی خوێندنەوەی سیاسەتی دەرەوە"ی تاران وەڵامی وتەبێژەكەی دایەوە و جەختیكردەوە لەوەی وتەكانی بارزانییان وەك خۆی داناوە.

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی وەرزنامەكە رایگەیاند "ئەو گفتوگۆوە بە زمانی فارسی و لە کەشێکی بە تەواوەتی دۆستانە ئەنجام بووە و بە لەبەرچاو گرتنی پێگەی ئەو کەسە لە گەڵی گفتوگۆ کراوە، لە بڵاو کردنەوەی قسەکانی سەرەنجی پێویست دراوە".

ئامادەییشی دەربڕیوە كە تۆماری دەنگیی قسەكانی نێچیرڤان بارزانی بڵاوبكەنەوە كە دەڵێت بۆ كورد دەركەوت كە ئەنجامدانی ریفراندۆم روانگەیەكی دروست نەبووە و ئێستاش سەربەخۆیی نایەتەدی.

هەڵوێستەكەی نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە یەكەم لێدوانی لەو جۆرە دادەنرێت كە بەرپرسێكی باڵای پارتی ئەنجامدانی ریفراندۆم بە "هەڵە" بزانێت، هەرچەندە لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكەوە پێداگری لەسەر ئەنجامدانی كرا.