کوردستان

لاهور شێخ جه‌نگى: ئەم هەرێمە بۆ دەسەڵات تەنها پارەو گیرفانە بۆ ئێمە هەرێم خەڵک‌و خاک‌و نیشتیمانە

25/09/2024

شارپرێس:

لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی لیستی بەرەی گەل بەبۆنەی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی په‌رلەمانی کوردستانه‌وه‌ په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، "ئێمە باوەڕمان بەشیعاربازی نییە، ژیان‌و بژێوی خەڵکمان لا گرنگە مووچەو بوودجەی خەڵکی هەرێم دەبێ مسۆگەربێت"، ده‌شڵێت:"ئەوەی ئێمە لەچوار ساڵی داهاتوودا کاری لەسەردەکەین بەپلەی یەکەم ئەوەیە مووچەو ژیانتان مسۆگەربێت".


له‌په‌یامه‌كه‌یدا لاهور شێخ جه‌نگى ده‌ڵێت:"وەکو لاهوری کوڕی شێخ جەنگی تاڵەبانی‌و بەناوی هاورێکانیشمەوە لەبەرەی گەل، بەسوودبینین‌و ئەزموون وەرگرتن لەهەڵەکانی ڕابردوو بەبەخۆداچوونەوەیەکی قوڵەوە بەرەی گەل وەک پڕۆژەیەکی سیاسیی دەخەینە خزمەتی ئێوە، ئەو بەرە سیاسییە نوێیە دەبێتە سەنگەری داکۆکیکردن لەمافەکانی تاک بەتاکی ئەم هەرێمەو لەهیچ باردۆخێکدا بەجێمان نەهێشتوون‌و بەجێتان ناهێڵین".

ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، "ئەوەی ئێمە لەچوار ساڵی داهاتوودا کاری لەسەردەکەین بەپلەی یەکەم ئەوەیە مووچەو ژیانتان مسۆگەربێت، ئێمە باوەڕمان بەشیعاربازی نییە، ژیان‌و بژێوی خەڵکمان لا گرنگە مووچەو بوودجەی خەڵکی هەرێم دەبێ مسۆگەربێت کاردەکەین بۆ ئەوەی سیستمی مووچە لەسەرتاسەری عێراقدا لەڕووی چەندێتی‌و چۆنێتی دابەشکردنی بکەینە یەک سیستم‌و کۆتایی بەکێشەی مووچە بهێنین کە ماوەی 10 ساڵ زیاترە بەحزبەکانی دیکە نەکراوە".

ده‌شڵێت:"ساڵانێکە ئەم هەرێمە بۆ حزبەکانی دەسەڵات تەنها  پارەو گیرفانە بۆ ئێمە هەرێمی کوردستان خەڵک‌و خاک‌و نیشتیمانە دڵنیابن".

ده‌قى په‌یامه‌كه‌ى لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی لیستی بەرەی گەل بەبۆنەی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی په‌رلەمانی کوردستانه‌وه‌

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان..
کەسوکاری سەربەرزیی شەهیدان، هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان دڵسۆزان‌و پشتیوانانى بەرەی گەل ئەم کاتەتان باش..

بەپشتیوانیی خوای گەورەو هیمەتی ئێوە دەستپێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی لیستی ژمارە 169ی بەرەی گەل بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 20ى 10ى ئه‌مساڵ ڕادەگەیەنین، بەئیرادەیەکی بەهێزەوە پێتان دەڵێین پشتیوان بەخوا‌و خەڵکی کوردستان سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنین.
 
هەموو ئەو بەڵێنانەی لەبەردەم ویژدانی زیندووی میلەتەکەمان‌و مێژوو پێتان ئەدەین لەئاستیاندا دەبین بەرەی گەل کە خۆرێکی درەوشاوەی کردووه‌تە بەیداخی خۆی پڕۆژەیەکی سیاسیی جدییە، جوڵانەوەیەکی جەماوەری بنکە فراوانە بۆ کاری گەورەو گرنگ هاتووه‌تە بوون بۆ چاکسازیی ڕیشەیی لەمووچەو بژێوی هاووڵاتییان‌و دابینکردنی ئاسایش‌و ئارامی خەڵکی هەرێمی کوردستان هاتووه‌تە مەیدان‌و بەشدارە لەهەڵبژاردن.

دەنگدەرانی خۆشەویست..
ئەو بەڵێنانەی لەبەرەی گەلەوە دەیبیستن دەبێتە بەرپرسیارێتی چوارساڵی داهاتووی سەرشانمان بێ دوودڵی بڕیاری بەشداریکردنی هەڵبژاردن بدەن‌و یەکلاببنەوە لەوەی دەنگتان بۆ بەرەی گەل بێت، ئەم هەڵبژاردنە فرسەتێکی مێژووییە تا گەل حوکـمڕانی چەوت‌و پڕ تاوانی ئێستا ڕەتبکاتەوە دۆخەکە لەبارەو ئێستا وەک ساڵانی ڕابردوو نییە هاوکێشەکان گۆڕان‌و زیاتریش دەگۆڕێن ئەگەر بەشداریی فراوانی ئێوە هەبێت لەهەڵبژاردندا دەتوانین ئەم دۆخە لەڕیشەوە بگۆڕین.

ئەوەی ئێمە لەچوار ساڵی داهاتوودا کاری لەسەردەکەین بەپلەی یەکەم ئەوەیە مووچەو ژیانتان مسۆگەربێت، ئێمە باوەڕمان بەشیعاربازی نییە، ژیان‌و بژێوی خەڵکمان لا گرنگە مووچەو بوودجەی خەڵکی هەرێم دەبێ مسۆگەربێت کاردەکەین بۆ ئەوەی سیستمی مووچە لەسەرتاسەری عێراقدا لەڕووی چەندێتی‌و چۆنێتی دابەشکردنی بکەینە یەک سیستم‌و کۆتایی بەکێشەی مووچە بهێنین کە ماوەی 10 ساڵ زیاترە بەحزبەکانی دیکە نەکراوە.

ئامانجێکی دیکەی گرنگی ئێمە بریتیە لەپاراستنی ئەمن‌و ئاسایشی خەڵک بۆ ئێمە ئەوە گرنگە هەموو تاکێک لەم هەرێمەدا هەست بکات ژیانی کەرامەتی شکۆی پارێزاروەو کەس ناتوانێ غەدری لێبکات‌و ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی لەئێستادا سەلامەتی‌و ئارامی شارەکان‌و ژیانی هاووڵاتیان بەدەست چەکی نایاسایی‌و میلیشیاییەوە هەڕەشەی جدی لەسەرە ئەو ئارامی‌و ئاسایشەی کە وابکات خەڵک دڵنیابێت لەسەروسامانی خۆی بەحزبەکانی دیکە نەکراوە بەئێمە دەکرێت.
 
ئەوەی دەبێتە کاری هەرە لەپێشی ئێمە، پرسی سەروەریی یاسایە لەئێستادا لەبری یاسا حزب خۆی سەپاندووە، دوورخستنەوەی سیاسەت‌و دەستی حزب لەدادگاکان ئامانجێکی گرنگی بەرەی گەلە، ئەو یاسا سەروەرییەی بەئەوانی دیکە نەکراوە بەبەرەی گەل دەکرێت‌و دەبێ یاسا لەم هەرێمەدا حوکم بکات نەک حزب.

بواری پەرەوەردەو خوێندن لەگەڵ خزمەتگوزاریی تەندروستی دوو بواری دیکەی گرنگن کە لەستراتیژی بەرەی گەلدا جێگەی گرنگی خۆیان هەیەو پڕۆژەو پلانی چاکسازیمان بۆ ئەو بوارانە ئامادەیەو بەئێمە دەکرێت.
 
بێگومان پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخۆو بڕینی دەستی حزبەکان لەناو دامەزراوەی سەربازی هەرێمدا ئامانجێکی دیکەی باڵای بەرەی گەلە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو باشکردنی ژیان‌و گوزەرانیان بەحزبەکانی دیکە نەکراوە بەئێمە دەکرێت.

هاووڵاتییانی خۆشەویست خۆتان ئاگادارن تائێستا هەرێمی کوردستان دەستورێکی ڕێکوپێکی نییە کە تێیدا مافەکانی خەڵکی کورستان دەستەبەرکرابێت بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ئامانجامان نووسینەوەو پەسەندکردنی دەستوورێکی دیموکراتی مرۆڤدۆستی پڕ لەماف‌و ئازادییە کە ببێتە گرێبەستی کۆمەڵایەتی نێوان خەڵک‌و دەسەڵات لەهەرێمداو بەهۆیەوە بتوانین چواچێوەیەکی دەستووریمان هەبێت بۆ پاراستنی مافەکانی تاک بەتاکی کۆمەڵگه‌ی کوردستانی بەهەموو ڕەنگ‌و نەتەوەو پێکهاتە جیاجیاکانییەوە.

وەک بەرەی گەل دەستوورێک کە ڕەسانەیەتی ئایینی‌و نەتەوەیی‌و نیشتیمانیمان بپارێزی دەکەینە چوارچێوەیەکی پتەوی یاسایی بۆ یەکخستنەوەی کردارەکی هەرێمی کوردستان لەزاخۆوە تا کفری.

خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان...
بەرچاومان بۆ داکۆکی لەمافی تێکڕای چینوتوێژەکان ڕوونە، هەر لەگەنجانەوە کە داینەمۆی  کۆمەڵگه‌ن بۆ ئافرەتان‌و ژنان کە ڕۆحی هەموو کۆمەڵگه‌یەکی بەهێزن‌و بۆ چین‌و توێژەجیاکانی دیکەش بەهەمانشێوە لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بۆ هەموو ئەو بوارانە پەیامی تایبەت‌و گفتوگۆی مەیدانیمان دەبێت.

ئەوەی گرنگە لەکۆتایی ئەم پەیامەدا پێتان بڵێین ئەوەیە:
وەکو لاهوری کوڕی شێخ جەنگی تاڵەبانی‌و بەناوی هاورێکانیشمەوە لەبەرەی گەل، بەسوودبینین‌و ئەزموون وەرگرتن لەهەڵەکانی ڕابردوو بەبەخۆداچوونەوەیەکی قوڵەوە بەرەی گەل وەک پڕۆژەیەکی سیاسیی دەخەینە خزمەتی ئێوە، ئەو بەرە سیاسییە نوێیە دەبێتە سەنگەری داکۆکیکردن لەمافەکانی تاک بەتاکی ئەم هەرێمەو لەهیچ باردۆخێکدا بەجێمان نەهێشتوون‌و بەجێتان ناهێڵین.
 
هاووڵاتییانی خۆشەویست بۆ هەڵبژاردنی 20ى 10ى ئەمساڵ لیستی بەرەی گەل‌و کاندیدە بەهێزو ئازاکانی، دەخەینە بەردەم ویژدانی زیندووی ئێوە، چاومان لەپشتیوانیتانە وەک چۆن خۆمان دڵنیاین کە چاککردنی ئەم دۆخە بەئێمە دەکرێت، ئێوەش دڵنیابن کە بەڵێ بەئێمە دەکرێت بەڵێ بەبەرەی گەل‌و بەخەڵکی ئازاو چاونەترس دەکرێت.

تکایە بەفراوانی بەشداربن لەهەڵبژاردندا ڕۆژی 20ى مانگى داهاتوو خۆتان‌و ماڵ‌و منداڵتان بڕۆنە سەرسندوقەکانی دەنگدان‌و بیکەن بەڕۆژێکی نیشتیمانی گرنگ بۆ سزادانی حوکمڕانی پڕ لەتاوان‌و تاڵانی دەسەڵاتداران بڕۆن‌و بەویژدانێکی ئاسوودەوە دەنگبدەن بەلیستی ژمارە 169ى بەرەی گەل.

دەنگدەرانی قەدر گران لەسنووری پارێزگاکانی، هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک، ساڵانێکە ئەم هەرێمە بۆ  حزبەکانی دەسەڵات تەنها  پارەو گیرفانە بۆ ئێمە هەرێمی کوردستان خەڵک‌و خاک‌و نیشتیمانە دڵنیابن، ڕێکەوتنێکی پتەو لەگەڵ بەغدا حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو سەروەرکردنی یاسا چەککردنی حزب‌و میلیشیا مووچەو بژێوی شایستە ئاسایش‌و ئارامی خوێندنی پڕ مەعریفەو تەندروستیەکی ژیاندۆست‌و پاراستنی ژینگە بەبەرەی گەل دەکرێ بەلیستی خۆرەکە دەکرێ، بەئێمەو ئێوە بەهەمومان بەدەنگدان دەکرێ.

بەخوای گەورەتان دەسپێرم پێتان دەڵێم بەیەکەوە کاری گەورەمان پێدەکرێت هەرگیز بێهیوا مەبن ئێستا‌و ئایندەی خەڵک‌و خاکی ئەم هەرێمە چاوی لەهیمەت‌و ئازایەتی‌و ئیرادەو دەنگی ئێوەیە.


#لاهور شێخ جەنگی