کوردستان

پزیشكیان له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانى كۆده‌بێته‌وه‌

11/09/2024

ده‌نگوباس:

بڕیاروایه‌ دواى كۆتاییهاتنى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ به‌غداو به‌سره‌و نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لا، مه‌سعود پزیشكیان سه‌ردانى شارى هه‌ولێرو سلێمانى بكات، ده‌نگوباس زانیویه‌تى، له‌سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ شارى سلێمانى، پزیشكیان له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌.


بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران به‌رله‌وه‌ى بەرەو عێراق بەڕێبکەوت، په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و به‌ڕۆژنامه‌نووسانى وت، "سەردانی شارە شیعە نشینەکان‌و بەسرە هەروەها شارە کوردییەکانى هەولێرو سلێمانی دەکەین‌و بەپشتیوانی خودا لەگەڵ خۆشەویستانی ئەوێ کۆدەبینەوە".

ده‌نگوباس زانیویه‌تى، له‌به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ شارى سلێمانى، مه‌سعود پزیشكیان له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران له‌شارى به‌غداوه‌ بەزمانی کوردی بۆ ژماره‌یه‌ك میدیاى كوردى قسه‌یكردو وتی:"سڵاومان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیەو لەخزمەتیانداین، پشت بەخوا لەبەرنامەماندایە دەچینە ئەوێ‌و قسەیان لەگەڵ دەکەین".

سه‌باره‌ت به‌پەیوەندیی نێوان ئێران‌و هەرێمی کوردستانیش پزیشکیان وتى:"پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشەو باشتری دەکەین، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق‌و هەرێمی کوردستانیش سەرجەم بوارەکانی؛ سیاسی، ئەمنیی، ئابووری، زانستیی‌و فەرهەنگی‌و چەندین بواری دیکە تاووتوێدەکەین".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ کاتژمێر 8:30 خوله‌كى بەیانیی؛ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بەسەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەغداو لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا.
 
عێراق یەکەمین وڵاتە کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆک کۆمار لە 30ی تەممووزی ئەمساڵ سەردانی دەکات، سەردانەکەشی دوای بانگهێشتێکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.


#بافڵ تاڵەبانی