دەنگوباس
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، جێگری یەکەمی پێشووی سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا، ئەندرێ بیلۆسۆڤ بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی دەست نیشان کرد.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، بە لیستێک، ناوی بەربژێرانی بۆ پۆستە وەزارییەکان لە حکوومەتی نوێدا پێشکەشی کرد و تیایدا جێگری یەکەمی پێشووی سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا، ئەندرێ بیلۆسۆڤ بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی دەست نیشان کردووە.
ئەنجوومەنی فیدڕاڵی سەربە پەرلەمانی ڕووسیا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ڤلادیمێر پوتین بە لیستێک، ناوی بەربژێرانی بۆ پۆستە وەزارییەکان لە حکوومەتی نوێدا پێشکەشی کردووە.
ڕاشیگەیاندووە، کە لە حکوومەتی نوێدا، سێرگی لاڤرۆڤ دووبارە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە دەست نیشان کراوە، ھەروەھا جێگری یەکەمی پێشووی سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا، ئەندرێ بیلۆسۆڤ لەلایەن ڤلادیمێر پوتین بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی دەست نیشان کراوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ھەر لە حکوومەتی نوێدا وەزیری ناوخۆ، ڤلادیمێر کۆلۆکۆلتسێڤ و وەزیری بەرگریی شارستانی و بەھاناچوون، ئەلێکساندەر کۆرینکۆڤ و وەزیری داد، کۆنستنتین چویچێنکۆ لە پۆستەکانیاندا، ماونەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ڤلادیمێر پوتین لە حکوومەتی نوێدا، پێشنیازی کردووە کە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیا، ئالکێساندر بۆرتنیکۆڤ و سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری دەرەکیی رووسیا ، سێرگی ناریشکین لە ئەرکەکانیاندا بەردەوام بن.
ھاوکات کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرملین) ڕایگەیاندووە کە ڤلادیمێر پوتین وەزیری بەرگریی، سێرگی شۆیگو لە شوێنی نیکۆلای پاتروشێڤ بۆ پۆستی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕووسیا دەست نیشان کردووە.
#جیهان
#ڕووسیا