سەركردایەتی یەكێتی داوای هەمانگی پێشمەرگە و سوپا دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان

19/02/2020
فۆتۆ: 
دەنگوباس

سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نوێنەرە كەركوكییەكان ڕادەسپێرێت بۆ كاركردن لەسەر گێڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچە دابڕاوەكان و دەشڵێت، بە هەماهەنگی پێشمەرگە و سوپا دەتوانرێت رێ لە دزەكردنی تیرۆریستان بگیرێت.

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی راگەیەندراوێكی سەبارەت بە هێرشەكەی شەوی سێشەممەی داعش بۆ سەر گوندێكی قەزای دوبز بڵاوكردەوە كە شەهیدبوونی چوار گەنج و برینداربوونی سیانی دیكەی لێكەوتەوە.

سەركردایەتی یەكێتی لە راگەیەندراوەکەدا کە وێنەیەکی دەست "دەنگوباس" کەوتووە، وێڕای ئیدانەكردنی پەلامارەكە رایگەیاند نوێنەرانی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران و تێكڕای نوێنەرانی كەركوك لە ھەموو ئاراستە و پێكھاتەكان كە بەدەنگ و متمانەی خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان ھەڵبژێرداون ھان دەدا و رایان دەسپێرێ ھەموو توانای خۆیان لە پێناوی گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بخەنەگەڕ و بیكەنە ئەولەویەتی كارەكانیان.

سەركردایەتی یەكێتی جەختیش دەكاتەوە كە "ھەماھەنگی حكومەتی ئیتحادی، كە ئێستا زیاتر سەرقاڵی دۆخی بەغدایە، لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی كوردستان باشترین چارەسەرە بۆ رێگە گرتن لە دزەكردنی تیرۆریستان".

دەقی راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی:

راگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە

 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە توندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆریستان دەكات بۆ سەر گوندی چەخماخەی سەر بەقەزای دووبز لە پارێزگای كەركوك. كە بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و دوو هاووڵاتی دیكەش برینداربوون.

ئێمە لە كاتێكدا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری شەھید و قوربانییەكان دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین. تەئكید دەكەینەوە پێویستە هەرچی زووە كاری جددی بكرێت بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و  پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە بەھۆی  نەبوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە  دروست بووە و بۆتە هۆی مەترسیی بۆ سەر گیان و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان. 

پێویستە حكومەتی فیدرال بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و رەسمی سەرشانی خۆی بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەكە جێبەجێبكات كە بەهۆی ناكارایی ئیدارەی پارێزگاكە و نەگونجانی لەگەڵ ئیرادەی فرە رەنگی دانیشتوانییدا دروست بووە.

پێویستە هەنگاوی جددی و پێویست بنرێت بۆ رێكەوتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەك بەشێك لە مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عیراق. 

ھێزی پێشمەرگە لە نەبەردی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، بەكردەوە و بە خوێن خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی ھەموو نەتەوەكانی پاراستووە، ئێستاش دەتوانێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ ھێزە ئیتحادییەكان ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بكاتەوە تاوەكو بەھەموو لایەك رێ لە پشێوی ئەمنی و تەرھیب و تەعریب بگیرێت.

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی ھەروەھا  نوێنەرانی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران و تێكڕای نوێنەرانی كەركوك لە  ھەموو ئاراستە و پێكھاتەكان كە بەدەنگ و متمانەی خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان ھەڵبژێرداون ھان دەدا و رایان دەسپێرێ ھەموو توانای خۆیان لە پێناوی گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بخەنەگەڕ و بیكەنە ئەولەویەتی كارەكانیان كە ئێمە لەو ھیمەتەیان دڵنیاین و لە پاڵپشتی گەرم و دەستوبردی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش، لەھەموو ئاستەكان، دڵنیایان دەكەینەوە .

ھەماھەنگی حكومەتی ئیتحادی، كە ئێستا زیاتر سەرقاڵی دۆخی بەغدایە، لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی كوردستان   باشترین چارەسەرە بۆ رێگە گرتن لە دزەكردنی تیرۆریستان.

نەمری بۆ شەھیدانی چەخماخە و گشت شەھیدانی دەستی تیرۆر و تەندروستی باش بۆ بریندارەكان و سەربەرزی بۆ خەڵكی خۆراگری چەخماخە 

ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان